لەهەولێر، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ بەرزڕاگیرا

لەهەولێر، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ بەرزڕاگیرا

یەکشەمە 2021.11.21، بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەمید دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هاتووچۆى هەولێر و عەمید خالید، بەێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگاى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە ئەفسەر و پلەدارانى هاتووچۆى هەولێر و هاوڵاتییان، لەبەردەم هۆڵى شەهید سەعد عەبدوڵا لەهەولێرى پایتەخت، بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر بە هەماهەنگى ناوەندى تۆتاڵ بۆ ڕاهێنان و هاتووچۆ، بەبۆنەى ڕۆژى قوربانیانى ڕووداوى هاتووچۆ، ڕێورەسمێکى سازکرد و ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
لەوبارەیەوە جێگرى پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "بەداخەوە ڕۆژانە دەبینین کەسانێکى زۆر لە شۆفێران و هاوڵاتییان دەبنە قوربانین، كه‌ بەشێکیان گیان لەدەستدەدەن و بەشێکى تریشیان کەم ئەندام دەبن و دووچارى زەرەر و زیانى مادیی زۆریش دەبن، بەداخەوە کە ئەمڕۆش لەم یادەدا ئەو هەموو نموونەیە دەبینین کە بەدەست ئەو هاوڵاتییانەیە، هەموویان قوربانى ڕووداوەکانى هاتووچۆن و لەماوەى ڕابردوو بە ڕووداوى هاتووچۆ گیانیان سپاردووە یاوەخود کەم ئەندام بوونە، ئەوەش ئەوەمان نیشاندەدات کە قوربانیانى ڕووداوەکانى هاتووچۆ هیچی کەمتر نییە لە جەنگەکان کە لەئاکامیدا هاوڵاتییان گیان دەسپێرن و دەبنە قوربانى".
وتیشى: "لەم ڕۆژەدا وێڕاى دەستخۆشىیمان لە بەڕێوەبەر و کارمەند و ئەفسەرانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هاتووچۆى هەولێر کە بەردەوام ڕێنمایدەر و ڕێنیشاندەرى شۆڤێرانن بۆ بەجێگەیاندنى یاسا و ڕێکارەکانى هاتووچۆ، دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى و تەندروستى هەولێریش دەکەین کە هەمیشە لەکاتى هەر ڕووداوێکى هاتووچۆ وەکو یەک تیم کاردەکەن لە پێناو هاوکارى و یارمەتیدانى ئەو هاوڵاتیی و شۆڤێرانەى دووچارى ڕووداوى نەخوازراوى هاتووچۆ دەبن".
جێگه‌ى باسه‌، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ، لە ساڵی 2004 لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە جیهانی کرا، کە تێیدا (سێیەم یەک شەممەی مانگی 11)ی هەموو ساڵێک دیاری کرا بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە، لەو ڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و هۆشیاری و ئاگاداری و هەوڵی جۆراوجۆر دەدرێت بۆ ڕێگری کردن لە زیادبوونی کارەساتەکانی ڕووداوی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی قوربانییەکان.