پارێزگاری هه‌ولێر، دواى نۆژەنکردنەوەى شه‌قامى مەولەوەى کە ناسراوە بەشەقامى سورچیانى بەسەرکردەوە
نیوه‌ڕۆى رۆژی یه‌كشه‌مه 2021.12.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، به یاوه‌ری مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگری پارێزگار و نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قائیمقامى ناوه‌ند و بەڕێوەبەرى شارەوانى دوو، شه‌قامى مەولەوەى کە ناسراوە بەشەقامى سورچیان، دواى نۆژەنکردنەوەى و تەواوبوون و کرانەوەى بەڕووى هاوڵاتییان بەسەرکردەوە.
دواى بەسەرکردنەوەى شەقامەکە پارێزگارى هەولێر، پیرۆزبایی لە کاسبکار و دوکانداران و دانیشتوانى ئەو گەڕەکە کرد و ڕایگەیاند: "ئه‌مڕۆ ئێمە لەئێوە خۆشحاڵترین بە نۆژەنکردنەوە و تەواوبوونى ئەم شەقامە و کرانەوەى بەڕووى هاوڵاتییان"، پارێزگارى هه‌ولێر هەروەها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه لەسەر ڕاسپاردەى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پڕۆژەکان لەو شوێنانەوە دەست پێدەکەین کە گەڕەکى هەژارنشینن و کەمترین دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە کە بەداخەوە لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەتوانراوە بەشێکى زۆر لەو شوینانەى کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و ئەنجامدانى پڕۆژەى خزمەتگوزارى هەبووە پڕۆژەیان تێدا ئەنجامبدرێت و وتى: "ئومێدى دەکەین لەداهاتوویه‌كى نزیكدا لەچوارچێوەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسنوورى پارێزگاى هەولێر، بتوانین پڕۆژەى دیکەى و خزمەتگوزارى زیاتر پێشكه‌ش بەهاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاكه‌مان بکەین".
جێگه‌ى باسه، پڕۆژه‌ى چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه و فراوانكردنى شەقامی مەولەوەى کە ناسراوە بەشەقام و بازاڕى میللى سورچیان، پانییه‌كه‌ى(20)م و درێژییه‌كه‌ى (800)م و له‌به‌رواری (1-8-2021) ده‌ست به جێبه‌جێكردنى كرا‌و ماوەى چەند ڕۆژێکە بەكۆتایی هاتووە و بەڕووى هاوڵاتییان کراوەتەوە، به گووژمه‌ى زیاتر لە (500.000.000) پێنج سه‌د ملیۆن دینار له‌سه‌ر بوودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاى هه‌ولێر جێبه‌جێکراوە، کە جگە لە قیڕتاوکردنى شەقامەکە و نۆژەنکردنەوەى ئاوەڕۆکەى، تۆڕى ئاو و کارەبا و دروستکردنى شوستەى بەشێوەیەکى سەردەمیان بۆ دروستکراوە.