پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لەکونسڵى گشتى بەریتانیا لەهەولێر کرد
پێنجشەممە 2021.12.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە دێیڤید هانت، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى دەست بەکاربوونى، هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەولێر خواست و ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی کۆنسڵخانە و باڵیۆزخانەى بەریتانیا کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا لە گەڵ هەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەولێر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاریی هێزی پێشمەرگە کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و سەرخۆشى خۆى و وڵاتەکەشى ئاڕاستەى بنەماڵەى شەهیدانى ئەم دواى پەلامارى تیرۆرستانى داعش کرد، پاشان تیشکى خستە سەر بارودۆخى ناوچەکە بەگشتی بەتایبەتی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەنگاوەکانی پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکە، باس لە گرفتى ئەو هاولاتییە کوردانە کرا کە ناسنامەى بەریتانیان هەیە و بەهۆى کۆمەڵێک گرفت لەناسنامەى بارى شارساتنى عێراقیان و هەڵەى ناوەکانیان گیریان خواردووە و ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بەریتانیا، بەئامادەبوونى نوێنەرى ئەو هاوڵاتییانە بەوردى باس لە گرفت و کێشەکانیان کرا و کونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەولێر دڵنیای کردنەوە کە کێشەکانیان دەگەێنێتە شوێنى مەبەست و بەدواى چارەسەر دەبێت بۆیان.