پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە بەڕێوەبەرى نووسینگەى بالیۆزخانەى کەنەدا لە عێراق کرد

پارێزگارى هەولێر،  پێشوازى لە بەڕێوەبەرى نووسینگەى بالیۆزخانەى کەنەدا لە عێراق کرد

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەمە 2022.1.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە ئیڤ دۆڤال، بەڕێوەبەرى نووسینگەى بالیۆزخانەى کەنەدا لە عێراق کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، بەڕێوەبەرى نووسینگەى بالیۆزخانەى کەنەدا لە عێراق، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ڕێکخستنی دیدارەکە و تەئکیدی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و بالیۆزخانەى کەندا لە عێراق کردەوە. لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهێنان، ڕایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت خوازیاری باشترین پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیین لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بەتایبەتی وڵاتی کەندا". هه‌روه‌ها جه‌ختى لەسەر پەرەپێدانی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی كه‌ندا کردەوە.
لەتەورێکی تری دیدارەکەدا، باس لەو کۆمەک و هاوکاریانە کرا کە وڵاتى کەنەدا لە رێگەى مانگى سوورى عێراقى و خاچى سوورى نێودەوڵەتى بۆ (7500) خێزانى زیانلێکەوتوو لافاوەکەى هەولێر ئامادەیانکردووە، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ پارێزگارى هەولێر سوپاسى بەڕێوەبەرى نووسینگەى بالیۆزخانەى کەنەدا لە عێراق و وڵاتەکەى کرد بۆ هاوکارى و یارمەتیدانى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى هەولێر و ڕایگەیاند: "سوپاسى سەرجەم ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیایانە دەکەین کە دەستیى هاوکارى و یارمەتیان بۆ لێقەوماو و زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى هەولێر درێژکردووە".