پارێزگاری هەولێر: هەر شوێنێک کاری نەشیاو و دوور لەئادابى گشتیی تێدابکرێت دادەخرێت و سزای تووند دەدرێت

پارێزگاری هەولێر: هەر شوێنێک کاری نەشیاو و دوور لەئادابى گشتیی تێدابکرێت دادەخرێت و سزای تووند دەدرێت

نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.1.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن لەبارەى یانەکانى شەوانەی هەولێر و دەستگیرکردنی ژمارەیەک ژن و پیاو لە یەکێک لە یانەکانى شەوانەى هەولێر ڕایگەیاند: "پێش سەری ساڵ لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە دیاردەى ناشیرین و دوور لە ئادابى گشتى و ڕوونەدانى ڕووداوى نەخوازراو و پاراستنى داب و نەریت و ڕێکخستنى کار و پڕۆگرامى ئاهەنگى شەوانە بڕیارمان دەرکردووە و هەر شوێنێک کاری نەشیاو و دزێوی تێدا بکرێت و دووربێت لە ئاداب و دابونەریتی ئێمە و ببێتە هۆی بێزاری خەڵک و لادان بێت لە یاسا رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە دادەخرێت و سزای تووند دەدرێت".
پارێزگاری هەولێر گوتیشى: "لە چەند رۆژی رابردووشدا لە یەکێک لە یانەکانى شەوانە 102 پیاو و 77 ئافرەت دەستگیرکراون و خاوەنی شوێنەکەش دەستگیرکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکان دەکەین، هەروەها شوێنی دیکەش داخراوە و ئەو بڕیارانەش بۆ رۆژێک و دوو رۆژ نییە، ئەوانەی ئەو کارانە بکەن بە دڵنیاییەوە ڕووبەڕووى سزای تووندى یاسایی دەکرێنەوە".
جێگەى باسە، لەچوارچێوەی بڕیارەکانی پارێزگای هەولێر شەوی سێشەممەى 2022.1.12 هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە هەماهەنگی هێزێکى ئەمنى تایبەت دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو بە بوونی شوێنێک لەناو شاری هەولێر کە چەندین کاری نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەکان و بەدەر لە ئادابی گشتی و پێچەوانەی یاسای تێدا ئەنجام دەدرێت (102) پیاو و (77) ئافرەت دەستگیر کران و خاوەنی شوێنەکەش دەستگیر کرا و دەست بەسەر بڕێکی زۆرى کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرستەی قەدەغەکراو و جۆرەها حەبداگیرا.