پارێزگاری هەولێر، سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلی کرد، جگە لەبەخشینی ئۆتومبێلێک خەڵات و دیاری بەسەر منداڵانی تووشبوو بەنەخۆشی شێرپەنجە دابەشکرد
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 2022.2.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلی کرد و جگە لەبەخشینی ئۆتومبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی دەرمان بە نەخۆشخانەکە خەڵات و دیاری تایبەتی پارێزگای هەولێری بەسەر منداڵانی تووشبوو بەنەخۆشی شێرپەنجە دابەشکرد.
لەسەردانەکەیدا کە هەریەک لە نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و د.دلۆڤان محمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر یاوەری بوون، پارێزگاری هەولێر، هیوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ هەموو منداڵانی تووشبوو بەنەخۆشی شێرپەنجە خواست و دەستخۆشی لەبەڕێوەبەر و کارمەندان و ستافی نەخۆشخانەکە کرد لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی پێشکەش بە تووشبووان و نەخۆشانی شێرپەنجە دەکەن.
پاشان پارێزگاری هەولێر، سەردانی یەکە یەکەی بەشەکانی نەخۆشخانەکەی کرد و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی چارەسەرییە پزیشکیەکان کرد و خەڵات و دیاری پارێزگای هەولێری بەسەر منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجەی نەخۆشخانەکە دابەشکرد و لەڕێورەسمێکیشدا بەئامادەبوونی د.سامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی دەرمانی پێشکەش بەنەخۆشخانەکە کرد.