لە پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەی پیشەسازی تیمار ئەنجامدرا
دووشەممە 2022.2.7، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.محەمەد شوکرى، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بە ئامادەبوونى هەریەک لە جێگرانی پارێزگاری هەولێر و چەند لایەنێکی تری پەیوەندیدار، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەی پیشەسازی گەورەی تیمار کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا دوای خستەڕووی نەخشەی بنەڕەتی و ڕووبەری گشتیی ناوچەکە و چۆنیەتی دابەشکاری زۆنەکانی ناوچەی پیشەسازی گەورەی تیمار، لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتووگۆ لەبارەی جۆر و پێویستی خزمەتگوزارییەکان و خەمڵاندن و میکانیزمی دەستپێکردن و تێچووى گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان بە ناوچەکە کرا.
شایەنى باسە، لە چوارچێوەى گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت، ناوچەى پیشەسازى "تیمار" لەسەر رووبەرى (3678) سێ هەزار و شەش سەد و حەفتا و هەشت دونم زەوى دروستدەکرێت و یەکێکە لەناوچە پیشەسازییە گەورەکانى ناوچەکە و چەندین کۆمپانیایى وەبەرهێنان و کارگەى پیشەسازیی گەورە و مامناوەند لە خۆدەگرێت و هۆکارێکە بۆ پەرەپێدان و بوژاندنەوەى کەرتى پیشەسازیی و دابینکردنی هەلی کار.