بە گوژمەى (300) ملیۆن دینار، پڕۆژەى قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی نۆغەران و چالوگ كرایهوه
سهرلهبهیانى دووشەممە 2022.2.7، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەى قیرتاوکردنی و دەبل درێسینگی ڕێگای گوندی نۆغەران و چالوگ بە درێژایی 6کم کە بە گوژمەى (300) ملیۆن دینار لە چوارچێوەی پرۆژە هاوبەشەکانى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئۆپى هەولێر کوردستان جێبەجێکراوە، کردەوە.
لەڕێورەسمەکەدا کە بەڕێوەبەرى ناحییەى گوێڕ و نوێنەرى ئۆپى هەولێر کوردستان و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى یەکەى ئیدارى ناوچەکە ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "قیرتاوكردنى ڕێگای گوندی نۆغەران و چالوگ كه ژمارەیەک گوند بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەڕووى کشتوکاڵیشەوە گرنگى و بایەخێکى زۆرى هەیە بۆ ناوچەکە، وەکو پاریزگاى هەولێر پێزانینمان بۆ کارەکانى ئۆپى هەولێر کوردستان هەیە کە بەهاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم سنوورەدا ژمارەیەک پڕۆژەیان پێشکەش کردووە".
پارێزگارى هەولێر هەروەها گوتى: "بەخۆشحاڵیەەوە لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگا لەساڵى 2021 دەستمان بە ئەنجامدانى پڕۆژەکان کردەوە، کە بەشێک لەو پرۆژانە لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بوون و بەشێکیشیان لە وەزارەتەکان، بۆ ئەمساڵیش 2022 پلان و بەرنامەى فراوانترمان هەیە بۆ گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کە بەزیاتر لە 80 ملیار دینار دیارى کراوە و لەبەهارى ئەمساڵ دەستیان پێدەکرێت و دەکەونە بوارى جێبەجێکردنەوە".