زانکۆی سەڵاحەدین دکتۆرای فەخری بەخشییە د.فەریاد فازیڵ

زانکۆی سەڵاحەدین دکتۆرای فەخری بەخشییە د.فەریاد فازیڵ

سەرلەبەیانى رۆژی سێشەممە 2022.2.15، بەئامادەبوونى د.پشتیوان سادق، نوێنەرى سەرۆک بارزانى و وەزیرى ئاوقاف و کاروبارى ئاینى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى و سەرۆکى زانکۆى سەلاحەدین و ژمارەیەکى دیکە لە ڕاگر و مامۆستایانى زانکۆ، زانکۆی سەڵاحەدین لە هۆڵى کۆچەر بیرکار لە مەراسیمێکی ئەکادیمیدا، دکتۆرای فەخری بەخشییە د. فەریاد فازیڵ، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی لە بەرلین.
دواى ڕێورەسمى بەخشینى دکتۆرای فەخری زانکۆى سەلاحەدین بە د. فەریاد فازیڵ، لەلایەن بەڕێز پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی چەپکە گوڵى ڕێزلێنان پێشکەش بە د.فریاد کرا.
جێگەى باسە، د.فەریاد فازیڵ خاوەنی دکتۆرایە لە زانکۆی بەرلین و دامەزرێنەری ئەکادیمیای کوردییە لە بەرلین و وەرگێڕی دیوانە شیعرییەکانی (نالی و ئەحمەدی خانی و گۆران)ە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی و نووسەری زیاتر لە 13 فەرهەنگی کوردی- ئەڵمانییە. زانکۆی سەڵاحەدین ئەمە چوارەم جارە بڕوانامەی دکتۆرای فەخری دەبەخشێت بە کەسایەتییە دیارەکان، كە دکتۆرای فەخریی یەکەمی بەخشی بە ئیسماعیل بێشکچی، نووسەری ناوداری تورك و دۆستی كورد، دكتۆرای فەخریی دووەمی بەخشی بە کۆچەر بیرکار، كە بیركارێكی هاوچەرخی كوردە و پرۆفیسۆرە لە زانكۆی كامبرێدج لە بەریتانیا و سێیەم دكتۆرای فەخری بەخشی بە خوالێخۆشبوو، پ.د.مستەفا زەڵمی، پرۆفیسۆر و یاساناسی ناوداری كورد و شارەزا لە زانستەكانی ئایین، ئەمەیشیان چوارەم دكتۆرای فەخرییە، کە بەخشى بە د. فەریاد فزیڵ.