جێگرى پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) و شاندێکى باڵاى یاوەرى کرد
سهرلهبهیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2022.2.22، هێمن قادر، جێگرى پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرپەرشتیاری دەروازەی حاجی ئۆمەران، لەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین پێشوازى لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) و شاندێکى باڵاى یاوەرى کرد.
لەوبارەیەشەوە، جێگرى پارێزگارى هەولێر راگەیاند: "لە دوو مانگی رابردوودا پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی باشترکردنی جموجۆڵی بازرگانی سەردانی ورمێی کردبوو، ئەمڕۆش شاندێکی پارێزگای ورمێ بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شارەکە سەردانی هەولێر دەکەن و چەند رۆژێک لە هەولێر دەمێننەوە".
گوتیشی: "ئامانجی سەردانی شاندەکەی پارێزگای ورمێ، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر باشترکردنی جموجۆڵی بازرگانی لەنێوان هەردوولا، هەروەها نەهێشتنی ئەو گیروگرفتانەی کە هەن، کە تائێستا بەشێک لەو خاڵانە جێبەجێکراون، کە لە یاداشتنامەی نێوان هەولێر و ورمێ هەیە، لەو سەردانەی شاندەکەشدا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەکرێتەوە".
جێگەى باسە، لە کۆتایی ساڵی رابردوو ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەرى شاندێکی باڵاى پارێزگاری هەولێر سەردانی محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگارى ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە)یان کرد و هەردوولا دواى دوپاتکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنى لێکتێگەیشتنەکانى ڕابردوو و بەردەوامى پەرەپێدانى پەیوەندییە دوولایەنەکان و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى بیروڕاى پسپۆرى بەمەبەستى بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران، یاداشتێکی 14 خاڵیان واژۆ کرد.