پارێزگاری هەولێر جەخت لە بەپەلە چارەسەرکردنى ئەو شوێن و شەقامانە دەکاتەوە کە قەرەبالغیەکى زۆریان کەوتۆتەسەر
دوای نیوەڕۆی دووشەممە 2022.2.21، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، سەبارەت بە ڕێکخستن و پەرەپێدانی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر، کۆبوونەوەی لێژنەی پەرەپێدانی هاتووچۆ، ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانی و بەڕێوەبەرى ئەندازەی هاتووچۆ ئامادەی بوون، جگە لە پێداچوونەوە بە راسپاردە و بڕیارەکانى کۆبوونەوەى پێشوو، بەگشتیی گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر کرا و تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوەی شەقامە و شوستەکان و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بەچاککردن و نۆژەنکردنەوە هەیە، هەروەها پارێزگارى هەولێر جەختی لە چارەسەرکردنی تەواوى ئەو شوێن و شەقامانە کردەوە کە لەچەند شوێنێکی شاری هەولێر قەرەبالغیەکى زۆریان کەوتۆتەسەر و لەوبارەیەشەوە بەرپرسانى هاتووچۆ و شارەوانى ڕاسپارد لە زووترین کاتدا چارەسەرى پێویستى بۆ بدۆزنەوە.