لەژێرچاودێرى و ئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، دووەمین پێشانگای گوڵ ودار و درەخت ونەمام کرایەوە

لەژێرچاودێرى و ئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، دووەمین پێشانگای گوڵ ودار و درەخت ونەمام کرایەوە

سەرلەبەیانى رۆژی دووشەممە 2022.3.14، لە یادی (31) ساڵەی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شارى هەولێر و لە چوارچێوەى چالاكیه‌كانى 12هه‌مین فیستیڤاڵى ئازاداى و نەورۆز، لە ژێرچاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەبەردەم پارکى شانەدەر، لەڕێورەسمێکدا دووەمین پێشانگای گوڵ ودار و درەخت و نەمام و پێداویستییەکانی باخچە، لەلایەن بەرێوەبەرایەتى ئەندازەى پارک و باخچەکانى هەولێر کرایەوە. کەتێیدا چەندین نەمامگە بە نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بەشداربوون.
لەڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە ئەحمەد کانى، بەرپرسى لقى2ى پارتى دیموکراتى کوردستان و د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگارى هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى ئیدارى و هاوڵاتییان ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر دواى کردنەوەى پێشانگاکە و بەسەرکردنەوەى بەشەکانى، دەستخۆشى لە سەرپەرشتیاران و بەشداربووانى پێشانگەکە کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن.
جێگەی باسە، پێشانگاکە بۆماوەی سێ ڕۆژ لە بەردەم پارکی شانەدەر لە کاتژمێر 10ی بەیانی تاوەکو 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و تێیدا جگە لەنمایشکردنى دار و درەخت و نەمام و گوڵ، ئەو کەلوپەلانەش دەفرۆشرێن کە بۆ کاری باخچەوانی بەکاردێن و ڕێنمایی چاندن و باخچەوانی بە ئامادەبووان دەدرێت.