کونسڵى ئیتاڵیا لەهەولێر ، بەتوندی ئیدانەی ئەو پەلامارەی کرد کە کرایە سەر هەولێری پایتەخت

کونسڵى ئیتاڵیا لەهەولێر ، بەتوندی ئیدانەی ئەو پەلامارەی کرد کە کرایە سەر هەولێری پایتەخت

پێش نیوەڕۆی دووشەممە 2022.3.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە مێکێلێ کامێرۆتا، کونسڵى ئیتاڵیا لەهەولێر کرد.
لەدیدارەکەدا وێڕاى ئەوەى جه‌خت له‌ پته‌وكردنى پەیوەندییەکان و هه‌ماهه‌نگى و كاركردنى هه‌ردوولا کرایەوە، هەردوولا جەختیان لە پەیوەندی پتەوی دولایەنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتى ئیتاڵیا کردەوە. لەلایەن خۆیەوە کونسڵى ئیتاڵیا لەهەولێر بەتوندی ئیدانەی ئەو پەلامارەی کرد کە کرایە سەر هەولێری پایتەخت و خەڵکی سڤیلی شارەکە و رایگەیاند: "لەسەرئاستى وەزارەتى دەرەوە و باڵیۆزخانە و کونسڵخانە بەتوندى ئیدانەى ئەو هێرشە دەکەین و پاڵپشتى خۆمان بۆ هەرێمى کوردستان دووپات دەکەینەوە، ئێمە هاوپەیمان بووین لەشەڕى تیرۆرستانى داعش و ئیستاش بەردەوامین لە هاریکارى پێشمەرگە و دەخوازین بەردەوام بین".
پاشان پارێزگاری هەولێر وێراى بەگەرمى بەخێرهێنانى، پیرۆزبایی دەست بەکاربوونى وەک کونسڵى نوێى ئیتاڵیا لەهەولێر ئاڕستەکرد و ئامادەیی هەر هاوکارى و ئاسانکارییەک بۆ ڕاییکردنى کارەکانى دووپاتکردەو، هەروەها سوپاسى هەڵوێستیانى کرد لەبەرامبەر ئەو هێرشەى کرایە سەر هەولێرى پایتەخت و ڕایگەیاند: "ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشى هەولێری پایتەخت بەمجۆرە کارە ترسنۆکانە تێکناچێت، هەولێر وەک قەڵاکەی هەمیشە بەسەربەرزی دەمێنێتەوە".
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا تیشکی خرایە سەر پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانیەکان و لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند:"وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵ دەبین بەهاتنی کۆمپانیاکان و کارکردنیان، دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو کۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنه‌رانی وڵاتان کرایەوە کە بیانەوێت بێن لەهەولێر وەبەرهێنان بکەن، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئامادەین هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەشیان بکەین".
لەکۆتایدا مێکێلێ کامێرۆتا، کونسڵى ئیتاڵیا لەهەولێر، سوپاسى پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کەلێی کرا و ئامادەیی هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی خۆشی بۆ پارێزگار و پارێزگای هەولێر نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و ھاندانی ھاتنی کۆمپانیاکانی ئیتاڵییه‌كان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.