لەژێرچاودێری و ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، ئێوارە ئاهەنگی پیرۆزکردنی ئازادی ههولێر و 11ی ئادار بەڕێوەچوو
ئێوارەی رۆژی هەینی 11ی ئاداری 2022، لەژێرچاودێری و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەحمەد کانی، بەپرسی لقی2ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبوار ئیسماعیل، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و زانا مەلاخالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان و جێگرانی پارێزگار و قائیمقامی ناوەند و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسانی حزبی و حکومی و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان و جەماوەرێکی زۆری شاری هەولێر، لەچوارچێوەی فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، پارێزگای هەولێر بە ھاوئاھەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەپارکی شار ئێوارە ئاهەنگی پیرۆزکردنی ئازادی ههولێر و 11 ئاداری سازکرد.
لەئێوارە ئاهەنگەکەدا جگە لەپێشکەشکردنی گۆرانی و موزیک لەلایەن هونەرمەندانی شاری هەولێر و پێشکەشکردنی تابلۆی هەولێر لەلایەن تیپی هونەرە میللیەکانی هەولێر، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بەهونەرمەندی دیار و ناسراوی شاری هەولێر ئیبراهیم حەکیم کرد لەبەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونى بەڕێزیان کە لە ڕۆژى 11ى ئادارى 1991 بەکامێراى خۆیان وەک ئەرکێکى نیشتیمانى و نەتەوەیی مێژووى ئەو ڕۆژە مەزنەی تۆمارکرد.
جێگەی باسە، فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، دەربڕی خۆشییەکانی بەهار و راپەڕین و ئازادی و نەورۆزە و یادى ڕێككەوتننامەی مێژووى یازدەی ئاداری ساڵی 1970یە کە دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕش و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەمانە لە پێناو مافە ڕەواكانیدا، ئەمڕۆش لە هەولێری پایتەختی پڕشکۆ و ئارامی کوردستاندا ئەم دوویادە پڕشکۆیە بەئاهەنگیجەماوەری فراوان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا.