لەژێرچاودێرى و ئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، بەردى بناغەى پەیکەرى شەهید ''خەجە باوە'' دانرا
سەرلەبەیانى رۆژی هەینى 2022.3.11، لە یادی (31) ساڵەی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شارى هەولێر و لە چوارچێوەى چالاكیهكانى 12ههمین فیستیڤاڵى ئازاداى و نەورۆز لەژێرچاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا بەردى بناغەى پەیکەرى شەهید ''خەجە باوە'' لهپاركى شار دانرا و هەروەها ئاڵاى کوردستان لەلایەن کوڕی شەھید نەفۆ کە لە گوندى خدرجیجە شەھید بوو هەڵکرا.
لەڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لەبنەماڵە و کەس وکارى شەهید و سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان و جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و یاریدەدەرى پارێزگار و بەرێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى گشتی گەشت و گوزار و ژمارەیەکى دیکە لە پەرلەمانتار و نوێنەرى لایەنەسیایەکان ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەڕۆڵ و قارمانیەتى شەهید ''خەجە باوە''دا لەڕۆژى ڕاپەرینى جەماوەرى خەڵکى شارى هەولێر و تیشکى خستە سەر ئەوەى کە ئەو ئافرەتە قارەمانە بوو بە سیمبولى ڕاپەرینى شارى هەولێر و بگرە هی تەواوی کوردستان و ڕایگەیاند: "یەکەم چالاکی 12هەمین فیستیڤاڵى ئازادى و نەورۆز بە دانانی بەردی بناغەی پەیکەری شەهید ( خەجە باوە) دەستپێدەکەین کە یەکێک بوو لە ژنە تێکۆشەرەکانی هەولێر و کوردستان، وەک سیمبولی قارەمانیی ژنانی کورد کە لە راپەڕینی 1991ی گەلی کوردستان لە هەولێر شەهیدبوو".
شەهید خــەدیجە ئەحمەد بـــاوە، ناسراو بە (خەجە باوە) لەدایکبووی 1945 لە گوندی مەلاقەرەی سەر بە ناحیەی دیبەگەیە و لەپێناو سەرخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا باوک و چەندین کەس و ئامۆزایەکی شەهید بوون. خەجە باوەی قارەمان و بوێر کە ئازایەتی و ورەبەرزیی لە باوک و کەسوکارە شۆڕشگێڕەکەیەوە وەرگرتبوو، لە ڕۆژی 11ی ئاداری 1991 بووە پێشەنگی جەماوەری ڕاپەڕیوی هەولێر و بە دروشمەکانی، جەماوەری لەدژی ڕژێم هان دا، شوێنی شەهیدبوونەکەیشی نزیک دایرەی ئەمنی پێشووە کە ئێستا بووەتە ئەنجوومەنی وەزیران. بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەگەر شەهید خەجە باوە نەبوایە، ژمارەیەک خۆپێشاندەر لەو شوێنە شەهید دەبوون.