پارێزگارى هەولێر: "ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگا کۆنترۆڵى دۆخى بازاڕ و چاودێری دەکات، قۆرخکارى و یارى بە نرخەکان نەکرێت"
دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 9ی ئاداری 2022 و كۆبوونهوهى وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13ی ئاداری 2022 و ڕاسپاردنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان لە پێناوی ئەوەی ڕێگە نەدرێت ئەو دۆخە بقۆزرێتەوە و نرخەکان گران بکرێت و بارگرانی لە سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، ئێوارەى چوارشەممە 2022.3.16، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، ژووری ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر بۆ ڕێگەگرتن لە گرانی نرخ و پێداویستی هوڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان کرایەوە و ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگا لێژنەی قائیمقامیەتەکانى بەسەرۆکایەتی قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ڕاسپارد ئیجرائاتى توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن و ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت بەهەر بڕ و بیانوێک بێت یاری بەبازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لەسەر هاوڵاتییان گران بکات. لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوە چەند بڕیارێکى پێویستیدا.
پاشان پارێزگارى هەولێر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ میدیاکان سەبارەت بە گران بوونى بەشێک لە کەل و پەل و پێویستییەکانى هاوڵاتییان رایگەیاند: "بەشێک لەخۆراک و پێداویستى هاوڵاتییان کە لەسەر ئاستى جیهانى نرخەکانیان بەرز بوونەتەوە ئەوە لەدەسەڵاتى ئێمەدانییە، بەڵام وەکو ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر کۆنترۆڵى دۆخى بازاڕ دەکەین و چاودێری دەکەین کە قۆرخکارى نەکرێت و یارى بە نرخەکان نەکرێت".
سەبارەت بە دابەشکردنى بهنزین لە بەنزینخانەکانیش ئاماژەى بەوەدا، وەک تاقیکردنەوە لە 2022.3.24 تاوەکو 2022.4.24 بۆ ماوەى یەک مانگ ئەگەر هەر بەنزینخانەیەک جەنجاڵى دروست بکات ئەوا دادەخرێت و وەرگرتنى بەنزین بە شێوەى تاک و جوت دەستپدەکات، هەروەها رۆژانە 7 بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلى تایبەت و 6 بەنزینخانەش بۆ تاکسی و یەک بەنزینخانەش بۆ پاس و هۆکارەکانى گواستنەوە دیارى دەکرێت. لەبارەى نانەواخانە و فرنەکانیش جەختى لەوە کردەوە کە بریارى دراوە 8 سەمون و 8 نانى تاک و 4 نانى دەبڵ نرخیان هەر وەک جاران بەیەک هەزار دینار دەبێت.