بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، سەنتەری ناساندن و گەشتیاران لەسایتی کەلەپووری جیهانی قەڵات کرایەوە
پێنجشەممە 2022.3.17، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و پاولۆ فۆنتانی، نوێنەری یونسکۆ لەعێراق و نیهاد لەتیف قۆجە، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵا و نوێنەرانی کونسلخانەی هوڵەندا و ئەڵمانیا و ژمارەیەکی دیکە لەمیوانان، لەڕێوەسمێکدا سەنتەری ناساندن و گەشتیاران لەسایتی کەلەپووری جیهانی قەڵات لەسەر قەڵای هەولێر کرایەوە.
پارێزگاری هەولێر لەگوتارێکدا ئاماژەی بەگرنگی کردنەوەی ئەم سەنتەرەدا کە بەپشتیوانی و هاوکاران لەڕێکخراوی یونسکۆ کارەکانی بەکۆتا هاتووە و تیشکی خستەسەرپشتیوانی و پاڵپشتی ئەوان لە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر و ڕایگەیاند: "ئەگەر پشتیوانی ئێوە نەبوایە، نەدەگەیشتین بەو ئامانجەی قەڵای سەربەرزی هەولێر بگاتە بەئاستێکی گرنگ و ستراتیژی لەڕووی گەشتیارییەوە".
پارێزگاری هەولێر هەروەها دەستخۆشی لەسەرۆک و کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر کرد، کە پەرۆشانە و خەمخۆرانە کارەکانیان ئەنجامداوە، لەکۆتایشدا دوای کردنەوەی سەنتەرەکە، پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگار و نوێنەری یونسکۆ لەعێراق و سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵا و نوێنەرانی کونسلخانەی هوڵەندا و ئەڵمانیا و میوانان، تەواوی بەشەکانی سەنتەری ناوبراویان بەسەرکردەوە.