بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەی بەرنگاربوونەوەی بازرگانى کردن بە مرۆڤ ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەی بەرنگاربوونەوەی بازرگانى کردن بە مرۆڤ ئەنجامدرا

رۆژی چوارشەممە 2022.4.6، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی بەرنگاربوونەوەی بازرگانى کردن بە مرۆڤ ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر و نوێنەرى ئاسایش و بەڕێوەبەرانى گشتیى ئەوقاف و تەندروستیى و ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و دەستەى مافى مرۆڤ و نیشینگە و کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و نووسینگەى هەولێر بەرنگاربوونەوەى بازرگانى کردن بە مرۆڤ ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤى پەرلەمانى کوردستان و جەخت لە کۆبوونەوەى بەردەوامى لیژنەکە و داڕشتنى میکانیزم و پلان و بەرنامەى پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ کرایەوە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر جەختى لە پابەندى هەموو دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردەوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە نەھێشتنی کارکردنی مندالان و کارکردنی بە زۆرەملێ و کڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستە و بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم جۆرەکانی دیکەى، لەو چوارچێوەیەشدا تەئکیدى لە ھاوکار و ھەماھەنگی نێوانیان کردەوە لە پێناو رێگریکردن لێى و گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست دژ بە تاوانباران و هەموو ئەو کەس و لایەنانەشى بە مەعنەوی ھاوبەشیان کردبێ لە ئە نجامدانى ئەمجۆرە تاوانە، یان بەناو یان بە حساب یان لە قازانجی ئەوانیش ئەنجامدرابێت.
جێگەى باسە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وڵاتێک، یاخود لە نێوان چەند وڵاتێکدا دەکرێت و بریتییە لە کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ، بە تایبەت منداڵ و ئافرەت، بەمەبەستی بەکارھێنانیان بۆ چەند مەبەستێکی جیاواز، لەوانە کارپێکردنی بەزۆرەملێ، کردن بە کۆیلەی سێکسی، بۆ پەیداکردنی پارە یاخود لەشفرۆشی پێکردن، ھاوسەرگیری بە زۆرەملێ، کڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستە.