پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى چاککردن و تەواوکردنى مۆنۆمێنتی شەهیدانى بەسەرکردەوە
دوای نیوەڕۆى رۆژی یەکشەممە 2022.4.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى تەواوکردنى مۆنۆمێنتی شەهیدانى بەسەرکردەوە کە بەگوژمەی (3,280,712,000) سێ ملیار و دووسەد و هەشتا ملیۆن و حەفت سەد و دوازدە هەزار دینار لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە سەرپەرشتی تەواوكردنی دەکرێت.
لەبەسەرکردنەوەکەیدا پارێزگارى هەولێر، لەنزیکەوە لەچۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆژەکە و کەم و کوڕى کێشە و گرفت و پێداویستیەکانى کۆڵییەوە و لەنزیکەوە تەواوى بەشەکانى بەسەرکردەوە و دەستخۆشى لە ئەندازیار و کرێکار و سەرپەرشتیاران کرد بۆ بەئەنجامگەیاندنى کارەکان.
جیگەى باسە، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى تەواونەکراوە و دواى چەندین ساڵ لەوەستانى کارکردن تێیدا، لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیی درا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی (3,280,712,000) سێ ملیار و دووسەد و هەشتا ملیۆن و حەفت سەد و دوازدە هەزار دینار، بە مەبەستی تەواوکردنى مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەولێر و لەئێستادا لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە سەرپەرشتی تەواوكردنی دەکرێت و کەوتۆتە بەرزاییەکانى ناحیەى كەسنەزان، وەک هێمایەک بۆ قوربانیدانى گەلەکەمان و بەرزڕاگرتنی یادى ئەنفال و شەهیدانى کورد و کوردستان دروستکراوە.