پارێزگاری هەولێر هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەسەردەکاتەوە

پارێزگاری هەولێر هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەسەردەکاتەوە

پارێزگاری هەولێر هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەسەردەکاتەوە

"بۆ ئەمساڵ لەسنوری پارێزگای هەولێر زیاتر لە ( 38 هەزار) قوتابی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لە ( 649 ) هۆڵی تاقیکردنەوەدا بەشداری لە تاقیكردنەوەكاندا دەكەن"

ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.6.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی ( زانستی، وێژەیی، پیشەیی )، بەیاوەری لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندیی، سەردانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی لە قوتابخانەی هەولێری کچان کرد.

لەو بەسەرکردنەوەیەدا، پارێزگار لە ڕەوشی قوتابیان و ئامادەکارییە لۆجستییەکانی کۆڵییەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوازێکی سەرکەوتوو.

پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان و کەشێکی ئارام لە تەواوی هۆڵەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ قوتابیان دابینکراون و ئاماژەی بە پلانی تۆکمەی پارێزگای هەولێر کرد کە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان لایەنە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، و فەرمانگەکانی کارەبا و تەندروستی داڕێژراوە، بە مەبەستی ڕێگری لە هەر گرفتێکی تەکنیکی یان تەندروستی، و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرجەم قوتابیان خواست، گوتیشی، پڕۆسەی خوێندن لە هەولێری پایتەخت، بە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان لە ئاستێکی باش دایە و ئومیدی خواست لە داهاتوودا زیاتریش بەرەوپێش بڕوات.

جێگەی باسە، بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2025-2026، لەسنوری پارێزگای هەولێر ( 38 هەزار و 88 قوتابی ) لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لەنێو ( 649 ) هۆڵی تاقیکردنەوەدا بەشدارن لە تاقیكردنەوەكاندا، بۆ ئەمساڵیش پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بەپێی پلانێکی پێشوەختەی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێک کە زامنی پاراستنی هاوسەنگی، دادپەروەری و دابینکردنی تەواوی مافەکانی قوتابیان دەکات لە سەرجەم ناوەندەکانی تاقیکردنەوەدا.