پارێزگارى هەولێر: "ئەرکى ئێمەیە وەکو پارێزگا، خزمەتى هەموو یانەکان و وەرزشوانانى شارەکەمان بکەین"

پارێزگارى هەولێر:



ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 2022.9.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، بەئامادەبوونى د.شاکر سمۆ، بەڕێوەبەرى گشتیى وەرزش لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێم، پێشوازى لە حاکم جەمال، سەرۆکى یانەى وەرزشى هندرێن و دەستەى کارگێڕى و یاریزانانى یانەکە کرد، کە لە خولی نایابی کوردستان 2021-2022 پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە.

لەدیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە یاریزانان، دەستخۆشى لە دەستەى کارگێڕى و ڕاهێنەران کرد کە توانیوایانە دەستکەوتێکى گەورە بۆ هەولێر بەدەستبهێنن، هەروەها تەواوى پاڵپشتیى و هاوکارى خۆى بۆ یانەکە و یاریزانانن دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەو ئەنجامەى ئێوە بەدەستانهێناوە وەکو هەولێر و وەکو پارێزگا بەهى خۆمانى دەزانین، ئومێد دەکەین لەخولى داهاتوو نازناوى خولەکە بەدەست بهێنن، ئەرکى ئێمەیە وەکو پارێزگا خزمەتى هەموو یانەکان و وەرزشوانانى شارەکەمان بکەین و ئەوەى لەتواناماندابێت پشتیوان و هاوکارتان دەبین و لەگەڵتانین، هیوادارین هەولێر لە هەموو بوارەکانى وەرزش هەمیشە ئەنجامى باش بەدەستبهنێت".

پاشان لەلایەن بەڕێز پارێزگار و بەڕێوەبەرى گشتیى وەرزش لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و سەرۆکى یانەى وەرزشى هندرێن، خەڵاتى پارێزگاى هەولێر پێشکەش بە دەستەى ڕاهێنەران و یاریزانان کرا.