بە گوژمەی زیاتر لە (224 ملیۆن دینار) بەردی بناغەی قۆناغی سێیەمى و کۆتایی پڕۆژەی قیرتاوکردنی سەرجەم شەقامەکانى ناو گوندى سێبەردان دانرا

بە گوژمەی زیاتر لە (224 ملیۆن دینار) بەردی بناغەی قۆناغی سێیەمى و کۆتایی پڕۆژەی قیرتاوکردنی سەرجەم شەقامەکانى ناو گوندى سێبەردان دانرا


ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.11.16، لەژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى3 و ژمارەیەکى دیکە لەئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، بەردی بناغەی قۆناغی سێیەمى و کۆتایی پڕۆژەی قیرتاوکردنی سەرجەم شەقامەکانى ناو گوندى سێبەردان بەگوژمەى (224 ملیۆن و 523 هەزار دینار) لەسەر بودجەی 15% داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى دانرا، کە بە شێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت.
لەبارەى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گوندى سێبەردان بە بۆنەى ئەنجامدانى پڕۆژەکە، ڕایگەیاند:"دڵنیایی بەهاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دەدەین، لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرجەم پڕۆژەکانمان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەین، ئامانجانە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنین بە هەموو ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە، هەموو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەشى چى ئەوانەى لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر یان بودجەى سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان جێبەجێدەکرێن، مەبەست لێى خزمەتکردنى ئەوانە".
گوتیشى: "لەخواست و داواکارى و داخوازیی هاوڵاتییان دەگەین، پشتیوان بەخوداى گەورە بەپێى کات و دەرفەت و بودجەى پێویست و بەردەست بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەگەێنین بۆ هەموو شوێن و جێگایەکى سنوورى پارێزگاکەمان.".