گەورەترین شاشە لەسەر ئاستی هەموو عێراق بۆ گواستنەوەی یارییەکانی جامی جیهانی دانرا
لەهەولێر..
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2022.11.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و ژمارەیەک لەپەرلەمانتار و وەرزشوانان و وەرزش دۆستان، لە ڕێورەسمێکدا هۆڵی (HALF TIME)ـی لە هەولێر کردەوە، کە تایبەتە بەشوێنی لاوان و وەرزش دۆستان بۆ بینینی یارییەکانی جامی جیهان.
سەرەتای ڕێورەسمەکە بەدەقیقەیەک وەستان و خوێندنەوەی سورەتی فاتیحا بۆ ڕوحی قوربانیانی کارەساتە نەخوازراوەکەی شاری سلێمانی دەستی پێکرد، پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و ئامادەبووان هۆڵەکە کرایەوە، دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لەسەرپەرشتیارانی هۆڵەکە، هیوای سەرکەوتنی بۆکارمەند و ستافی هۆڵەکە خواست.
جێگەی باسە، لەم هۆڵەدا جگە لە دانانی گەورەترین شاشە لەسەر ئاستی هەموو عێراق بۆ گواستنەوەی یارییەکان، بە شێوەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە ڕێستۆرانت و چێشتخانەی تایبەت بە هۆڵەکەش کراوەتەوە.