لە سەر قەڵای هەولێر

لە سەر قەڵای هەولێر

لە سەر قەڵای هەولێر
ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز ڕاگیرا
ئەمڕۆ شەممە 2022.12.17 لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسى لقی دووی پارتى دیموکراتى کوردستان و د.مەجید، بەرپرسى مەڵبەندى سێى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و نوێنەرانی دیکەی حزب و لایەنە سیاسیەکان و ئەندازیاری عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و دام و دەزگا حکومیەکانى هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حزبی و سەربازی و جەماوەڕێکى زۆر، لەسەر قەڵای هەولێرى پایتەخت، ڕێکخراوى ستان بە پاڵپشتى پارێزگاى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانى بەرز ڕاگرت.
لەدەسپێکی ڕێوڕەسمەکەدا دوای ئەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و یاوەرانی هەڵکرا، لەگووتارێکدا پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو کوردستانیان و هاوشارییانی شاری هەولێر و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ڕایگەیاند: "هیوادارین ڕۆژی ئاڵا، ببێتە ڕۆژی برایەتی و یەکگووتاری و یەکڕیزی و پێکەوەکارکردنی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان".
جێگەى باسە، دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند و بڕیاریدا ڕۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ئاڵا دیاری بکرێت، جگە لەوەی هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم ئاڵای کوردستان نوێ دەکرێتەوە، بەمبۆنەیەشەوە ڕێورەسمی تایبەت ساز دەکرێت و ئەو یادە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت، ئەمساڵیش لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕاگیرا.