کونسڵی گشتیی کۆمارى چین لە هەولێر ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد

کونسڵی گشتیی کۆمارى چین لە هەولێر ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد

کونسڵی گشتیی کۆمارى چین لە هەولێر ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد
رۆژی سێشەمە 2022.12.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە (نی رۆکی) کونسڵی گشتیی کۆمارى چین لە هەولێر کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، کونسڵی گشتیی کۆمارى چین لە هەولێر، ئاماژەی بە مەبەستى سەردانەکەیدا کە ماڵئاوایی و کۆتایهێنانە بە کارەکانی وەکو کونسڵى کۆمارى چین لە هەولێر و لەشوێنی ئەودا حکومەتی وڵاتەکەی کونسوڵی تازەى دەستنیشانکردووە و لەمنزیکانە دەست بەکاردەبێت، هەروەها سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشى کراوە و وتی: "له‌ ماوەى ئەو پێنج ساڵەى كه‌ له‌ هه‌ولێرم خەڵکى هەرێمى کوردستانم زۆر خۆشویستووە بەتایبەتى خەڵکى هەولێر کە زۆر میوان دۆستن و دۆستانى ئەوشارە لە بیرناکەم و هیوادارم ئەو دۆستایەتیەمان بەردەوام بێت".
لەبەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، دواى ھەڵسەنگاندنی بۆ کارەکانی کونسڵی گشتیی کۆمارى چین لە هەولێر لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمارى چین، ڕایگەیاند: "شانازی بە بەڕێزتانەوە دەکەین کە لە ماوەى کارکردنتان، توانیوتانە پەرەى زۆر بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمارى چین بدەن، ھیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین لە ئەرک و کاری نوێتان، هەولێری پایتەخت هەمیشە تۆى وەک کەسێکى خۆشەویست لەیاد دەبێت و خوازیارین لەگەڵ کونسڵى نوێى وڵاتەکەشتان کاری ھاوبەشی گرنگ و پێویست بەیەکەوە ئەنجام بدەین، ئومێد دەکەین پەیوەندی و دۆستایەتیمان لە پێناو تۆکمەترکردنى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و كۆمارى چین پەرەى زیاترى پێبدرێت".
لەکۆتایدا پارێزگارى هەولێر، سوپاسى کونسڵخانەى کۆمارى چینى کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و هەماهەنگى و پڕۆژانەى کە لە شارى هەولێر ئەنجامیانداوە، کە یەکێک لەو کارانە ڕووناککردنەوەى شەقامى هەڵەبجەى شەهیدبووە بە تیشكى خۆر، هەروەها هاوکارى و پاڵپشتیان بۆ ئاوارە و لێقەوماوانى کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر بەرزنرخاند، ئەوە بێجگە لەوەى وەک یەکەمین وڵات لە سەردەمى کۆرۆنا ڤاکسینیان گەیاندووە بە هەرێمى کوردستان.
لەبەرامبەر کونسڵی گشتیی کۆمارى چین لە هەولێر، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و ئاسانکارییانەى کە لە ماوەى کارکردنى لە هەولێرى پایتەخت لە ڕایککردنى کارەکانى پێشکەشی کراوە.