بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ڕێورەسمى کریسمس و شەوى سەرى ساڵ، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا
بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ڕێورەسمى کریسمس و شەوى سەرى ساڵ، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا
ئێوارەى سێشەممە 2022.12.20، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ڕێورەسمى كریسمس و شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکانى ماڵئاواییکردن لە 2022 و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و بە مەبەستى پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانى هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگاریش ئامادەی بوون، تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێدەکەن ئەرکیان بەسەردا دابەشکرا.
لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکانى هەولێرى ڕاسپارد، بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بەخۆیان، لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران کە ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن و ئاسانکاریان بۆبکرێت.
لەکۆتایشدا پارێزگارى هەولێر، ویڕای دەستخۆشی لەهێزە ئەمنیەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، دڵنیایى بە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەختدا، کە بەهەموو توانایەکەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشى لە هاوڵاتییان کرد هاوکار و هەماهەنگ بن.
جێگەى باسە، ساڵانە لە هەولێری پایتەخت هاوشێوەی پایتەختە پێشکەوتووەکانی جیهان، دەست دەکرێت بە ئامادەکارییەکان بۆ شەوى سەرى ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ و لەلایەن کەرتى تایبەتەوە فیستیڤاڵ و ئاهەنگى فراوان ئەنجامدەدرێت و ژمارەیەکى زۆریش لە گەشتیارانى ناوەڕاست و خواروى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لەپایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، لەهەموو ساڵێکیشدا ئیدارەى خۆجێیى هەولێر، قەڵای مێژوویی هەولێر و باخی شار و زۆربەی شوێنە گشتیەکانی هەولێری پایتەخت دەڕازێنێتەوە، کە لە شەواندا ئەو جوانییەی پایتەخت و ئاسایش و ئارامی هەولێر زیاتر خۆیان دەردەخەن و سەرنجی هەر رێبوارێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ.