نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕیش دابەزی

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕیش دابەزی


نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی سێشەممەی خۆی دا، ئەوەش بەهۆی گەشبینی بە بووژانەوەی ئابووریی چین، دوای ئەوەی کە ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاسان کرد.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەرەبەیانی ئەمڕۆ 52 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 86 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 55 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
گەشەی ئابووریی چین لە ساڵی 2022 دا 3٪ بەرزبووەتەوە کە زیاتر بووە لە پێشبینییەکان. زۆربەی ئابووریناسان پێیانووایە ئابووریی چین لە ساڵی 2023 دا دەتوانێت زیاتر پێشبکەوێت.
بەپێی راپۆرتی مانگانەی رێکخراوی ئۆپێک، خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمساڵدا 510 هەزار بەرمیل زیاد دەکات، دوای ئەوەی لە 2022 دا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتە.

تووشیتاکات تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای (فۆجیتۆمی سێکیوریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گەشبینی بە کرانەوەی زیاتری چین و گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە."

نرخی زێڕ دابەزی

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئەمڕۆ نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کرد، هەر ئۆنسەیەک بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 1902 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

لە مامەڵەکانی زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتووشدا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ خوارەوەی 1900 دۆلار دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1897 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش بەشێکی بەهۆی ئەو هەستە نەرێنییەی بازاڕە بۆ نرخی زێڕ.

بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رێژەی 0.3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دابەزینی بەهای یەنی ژاپۆنی بوو، بەهۆی ئەوەی بانکی ناوەندیی ژاپۆن سوودی بانکی وەک خۆی جێگیرکرد و دەستکاری نەکرد، بۆیە ئەو دراوە بە رێژەی 2.04٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەو هۆیەشەوە بەهای دۆلار بەرزبووەوە.

ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (مارێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ لە ماوەی کورتخایەندا لە سنووری 1900 دۆلار جێگیر دەبێت."

ئیدوارد میر پێیوایە نرخی زێڕ لەو ئاستانەدا مامەڵەی پێودەکرێت و هێندە گۆڕانکاریی خێرا بەخۆیەوە نابینێت.