بانکی ناوەندی عێراق: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە

بانکی ناوەندی عێراق: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە



هۆکارى سەرەکى ناجێگیرى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار جیاوازى بڕى خستنەڕووى رۆژانەى دۆلارە لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە. هەر رۆژێک بانکى ناوەندیی عێراق کەمتر دۆلار بخاتە بازاڕەوە، ناجێگیری بەهاى دینار زۆرتر دەبێت، بەهۆی زۆری خواست و کەمى دۆلار.

رۆژی 15-01-2023، بانکى ناوەندیی عێراق 219 ملیۆن و 978 هەزار و 420 هەزار دۆلارى خستە بازاڕەوە؛ رۆژێک دواتر بڕەکە کەمبووەوە بۆ 79 ملیۆن و 316 هەزار و 995 دۆلار؛ رۆژی 17-01-2023، بڕى ئەو دۆلارەى خرایە بازاڕەوە کەمبووەوە بۆ 61 ملیۆن و 582 هەزار و 784 دۆلار.

بەرپرسانى بانکى ناوەندیی عێراق ئەو گۆڕانکارییە دەبەستنەوە بە وردبینی و رێکارەکانى فرۆشتنى دۆلار بە بانک و بازرگانان.

د. ئیحسان یاسرى، جێگری پارێزگاری بانکى ناوەندیی عێراق دەڵێت: "ئەو بەرزبوونەوەیە بەهۆى دانانى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنییەوە بووە بۆ گەرەنتى گەیشتنى راستەوخۆى دۆلار بەو کەسانەى لێى سوودمەندن بەبێ تێپەڕبوونى بە چەند بازنەیەکى زیادەدا."

وەک د. ئیحسان یاسرى دەڵێت: "بانکى ناوەندی داواى لە بازرگانان کردووە پەنا بۆ ناوەندە فەرمییەکان ببەن کە بانکە فەرمییەکانن. ئەوە جگە لە فرۆشتنى راستەوخۆى دۆلار بە گەشتیاران. ئەو رێوشوێنانە کاریگەرییان هەبووە لەسەر بەهاى دراو. ئەوەى هەیە کاتییە و هاوسەنگى بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە."

زیاتر لە مانگێکە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار روو لە دابەزینە؛ پەرلەمانتارانى عێراق دەیانەوێت کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ ئەو دۆخە بکەن.