77 ساڵ بەسەر دامه‌زراندنی کۆماری مه‌هاباد تێدەپەڕێت

77 ساڵ بەسەر دامه‌زراندنی کۆماری مه‌هاباد تێدەپەڕێت


ئەمڕۆ 77 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەرێت. کۆماری کوردستان لە ماوەی 11 مانگ تەمەنیدا دەسکەوتی گەورەی لە چەندین بواری جیاوازدا هەبوو و میراتی مەعنەویی بە نرخیشی وەک ناوی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب بۆ نەوەکانی دواتر لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەجێهێشت.
77 ساڵ لەمەوبەر و لە 22/1/1946، لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کورستان و بە ئامادەبوونی 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەکان لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، پێشەوا قازی محەممەد، دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستانی راگەیاند.
ئەو رۆژە، ئەم 20 هەزار نوێنەرەی خەڵکی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا کە دواتر لە ژمارەی 8ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوکرایەوە، داوایان لە دەسەڵاتدارانی کۆمار کرد: لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردی لێ دەژی سەربەخۆیی رابگەیەندرێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شوورا دەست پێبکرێت، حکومەتی نیشتمانیی کوردستان و وەزارەت و فەرمانگە پێویستەکان دابمەزرێن، هێزی چەکداری نیشتمانیی کوردستان پێک بێ، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی ساز بگرێت و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ئازەربایجان پتەو بکرێت.
بەمشێوەیە ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حکومییەکانی سنووری دەسەڵاتی کۆمار هەڵدرا و بناغەی یەکەمین حوکمڕانیی مۆدێڕنی کوردی دامەزرا.

دامەزراندنی چاپخانە و رادیۆ بۆ ناوشاری مهاباد، دامەزراندنی سینەما، بەڕیوەچوونی شانۆنامە، هەروەها بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی کوردستان کە دوو رۆژ جارێک بڵاودەکرایەوە و پێنج گۆڤار و یەک لەوانەش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان کە یەکەم گۆڤاری کوردی بۆ منداڵان بووە بڵاوکرایەوە، لە دەسکەوتە کولتووری و هونەرییەکانی 11 مانگ دەسەڵاتداری کوردی لە کۆماری کوردستانن.
دەستپێکردنی پەروەردە لە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی و بە فەرمی کردنی زمانی کوردی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، دادگاکان و دامەزراوە ئایینییەکان و دامودەزگا سەربازییەکان یەکێک لە دەسکەوتە سەرەکییەکانی زمانی کوردییە. کۆمار لە بواری ئابوورییەوە پشتی بە سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاووڵاتیان و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەبەست.
کۆماری کوردستان، 11 مانگ دواتر بە هێرشی سوپای ئێران رووخێنرا و دامەزرێنەرانی لە سێدارە دران. ئەو کۆمارە ئەگەرچی تەمەنی نەگەیشتە ساڵێک، بەڵام میراتی مەعنەویی گەورەی وەک ناوی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیبی بۆ نەوەکانی دواتری کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەجێهێشت.