نێچیرڤان بارزانی بۆ ده‌ربڕینی هاوخه‌می سه‌ردانی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی توركیا و باكووری كوردستانی كرد

نێچیرڤان بارزانی بۆ ده‌ربڕینی هاوخه‌می سه‌ردانی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی توركیا و باكووری كوردستانی كرد

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی هاوخه‌می ده‌ربڕین، سه‌ردانی پارێزگای دیلۆكی باكووری كوردستانی كرد و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی توركیای نیشاندا و گوتی، "به‌ناوی سه‌رۆك بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه ده‌كه‌م". دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (14ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی هاوزسۆزی ده‌ربڕین، سه‌ردانی پارێزگای دیلۆكی باكووری كوردستانی كرد و، بڕیاره‌ سه‌ردانی چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی توركیا و باكووری كوردستان بكات، كه‌ به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 6ـی شوباته‌وه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌. نێچیرڤان بارزانی دوای گه‌یشتنی، سه‌ردانی نووسینگه‌ی سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاو (AFAD) له‌ پارێزگای دیلۆك كرد و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگار و جێگری پارێزگاری ئه‌و پارێزگایه‌ ئاماده‌یبوون، رایگه‌یاند، بۆ ده‌ربڕینی هاوسۆزی و هاوخه‌می گه‌لی كوردستان بۆ گه‌لی توركیا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه‌ و گوتی، "به‌ناوی سه‌رۆك بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری سه‌رجه‌م قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باكووری كوردستان ده‌كه‌م و هیوای چاكبوونه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ برینداران ده‌خوازین". له‌ گوتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوی حكومه‌تی هه‌رێمی بۆ هه‌ر جوره‌ هاوكارییه‌ك بۆ توركیای نیشاندا و رایگه‌یاند، "له‌هه‌موو ئه‌و كاته‌ سه‌ختانه‌ی كه‌ پێیدا تێپه‌ڕیوین، بینیومانه‌ توركیا هاوكار و پشته‌وانمان بووه‌". گوتیشی، "ئه‌مڕۆ له‌نێو هه‌ر ماڵێكی كوردستاندا پرسه‌ هه‌یه‌ و له‌ چه‌ندین شوێن رێوڕه‌سم و ئاهه‌نگه‌كانمان راگرتووه‌، به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی هاوخه‌می و هاوسۆزی گه‌له‌كه‌مان بۆ قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌". له‌ كۆتایی گوتاره‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، دڵنیایه‌ له‌وه‌ی حكومه‌تی توركیا ده‌توانێت ئه‌م "كاره‌ساته‌" تیبه‌ڕێنێت، چونكه‌ وه‌كو خوی گوتی، "توركیا وڵاتێكی گه‌وره‌ی به‌هێزه‌، چه‌ندین ناخۆشی تێپه‌ڕاندووه‌ و ئه‌م كاره‌ساته‌ش تێده‌په‌ڕێنێت".