پارێزگارى هەولێر سەردانى ڕۆژنامەى (خەبات)ى کرد

پارێزگارى هەولێر سەردانى ڕۆژنامەى (خەبات)ى کرد


ئەمڕۆ سێشەممە 2023.4.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستى گەیاندنى پیرۆزبایی بەبۆنەی (64)هەمین ساڵیادی بە ئاشکرا دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)، سەردانى رۆژنامەى خەباتى کرد و لە لایەن سەرنووسەر و بەڕێوەبەرى نووسین و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کارمەندان و دەستەى کارگێڕى ڕۆژنامە کە پێشوازى لێکرا.

لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی بە بۆنەى (64)هەمین ساڵیادی بە ئاشکرا دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات) ئومێدی بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و تیشکى خستەسەر ئەوەى (خەبات) وەک ڕۆژنامەیەکی دێرین و تێکۆشەری کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی و ناوێکی مەزنە لە بزوتنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی و بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان. ئاماژەشى بەوەدا کە دەیان ساڵە خەبات وەک مینبەرێکی گەیاندنی هەق و ڕاستی لەناوەندی ڕۆژنامەگەری کوردیدا سەرباری هەموو هەوراز و نشێویەکان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و متمانەوە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن بووە لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، جگە لەوەش قوتابخانەیەکی گەورەی پێگەیاندنی چەندین ڕۆژنامەنووسی بەتوانا و لێهاتوو بووە کە ئێستا هەریەک لەوان خاوەنی پێگە و ناو و ڕۆڵی دیاری خۆیانن لەکوردستاندا.