جگە لە دروستکردنى باخچەى دۆستایەتى چین - کوردستان لەهەولێر، چەندین کارمەندى حکومەت بۆ بەشداریکردن لەخولى جۆرا و جۆر سەردانى وڵاتى چین دەکەن
جگە لە دروستکردنى باخچەى دۆستایەتى چین - کوردستان لەهەولێر، چەندین کارمەندى حکومەت بۆ بەشداریکردن لەخولى جۆرا و جۆر سەردانى وڵاتى چین دەکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.5.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە کونسڵی گشتیی وڵاتی چین بەوەکالەت لە هەولێر کرد.
لەدیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى دۆستایەتی لەمێژینەی گەلی کورد و چین کرا و هەردوولا تەئکیدیان لەسەر پتەوکردنی ئەو دۆستایەتییەکردەوە و هیوایان خواست بە هەماهەنگی یەکتر پەرەى زیاتر بدرێ بە پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان بەگشتیی و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتی.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، ئاماژەى بەوەدا کە وڵاتەکەى ئامادەیە ساڵانە خولى بەهێزکردنى توانا مرۆییەکان بۆ کارمەندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە و بۆ ئەمساڵیش داواكارن چەندین کارمەندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەشداریکردن لەخولى جۆرا و جۆر سەردانى وڵاتى چین بکەن، داواشى لە پارێزگارى هەولێر کرد هاوکار و یارمەتیدەریان بێت بۆ دروستکردنى باخچەى دۆستایەتى چین - کوردستان لە شارى هەولێر، کە لەلایەن کونسڵخانەى وڵاتەکەیەوە، وەک سیمبولى دۆستایەتى چین و هەرێمى کوردستان دروست دەکرێت، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى سوپاسکردنى، تەواوى هاوکارى و پاڵپشتى خۆى بۆ داواکاریەکانى بەڕیزیان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "وڵاتی چین وەک وڵاتێکی گەورەی بازرگانی جیهانی لەلاى ئێمە گرنگى خۆى هەیە، دەخوازین بە سودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکانى وڵاتەکان خزمەتى زیاترى هەرێمى کوردستان و خاک و خەڵکەکەى بکەین".
پاشان پارێزگارى هەولێر لەبارەى پێشوازیکردن لە کۆمپانیاكان و وەبەرهێنەرانى وڵاتى چیین، گوتى: "دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتی چین کرایەوە کە لەهەولێرکاردەکەن یان دەیانەوێت بێن لە هەولێر وەبەرهێنان بکەن، وەک پارێزگای هەولێریش لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەش دەکەین". لەلایەن خۆیەوە کونسڵی گشتی وڵاتی چین بەوەکالەت لە هەولێر سوپاسی پارێزگاری هەولێریکرد و ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ پارێزگای هەولێر نیشاندا.