پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە سەرۆكی ئینستیتووتی خوێندنی كوردی بەرلین کرد
پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە سەرۆكی ئینستیتووتی خوێندنی كوردی بەرلین کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2023.5.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و لەدیوانى پارێزگا پێشوازیکرد لە دكتۆر فەریاد فازڵ عومەر، سەرۆكی ئینستیتووتی خوێندنی كوردی و مامۆستاى زانکۆ لە بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا، کە یەکێکە لەو ناوە دیارانەی دڵسۆزانە زیاتر لە نیو سەدە خزمەتێکی بهرچاوى بە زمان و ئەدەب و مێژووی کوردى و گەل و نیشتمانەکەی کردووە و دەیان کتێب و بەرهەم و توێژینەوەی بەزمانى ئەڵمانى و کوردى بڵاوکردۆتەوە.
لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەرى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر ئامادەى بوو، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهێنانى، ستایشى توانا و بەهرە و بەرهەمەکانى دكتۆرى کرد و تیشکى خستە سەر ماندووبوون و تێکۆشانی بەڕێزیان و کار و بەرهەمەکانى بە نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەرى لە قەڵەمدا، هەروەها ڕایگەیاند: "وەرگرتنی خەڵاتی لێهاتوويی سەرۆك کۆماری ئەڵمانیا و خەڵاتی ڕێزلێنانى لە هەولێرى پایتەخت و بەخشینى دکتۆراى فەخرى لە زانکۆی سەڵاحەدین، لەپای ئەو خزمەتە گەورەیەی بەڕێزتان پێشکەش بە زمان و وێژە و مێژووی کوردتان کردووە بە دەستکەوت بۆ گەلەکەمان دەزانین".
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، باس لە کار و چالاکییەکانى ئینستیتووتى خوێندنى کوردى لە بەرلین کرا و گفتوگۆ لەبارەى بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێم سەبارەت بە پاراستنى زمانى کوردى و هەڵمەتى پارێزگاى هەولێر بۆ گۆڕینى تابلۆى چێشتخانە و هوتێل و شوێنە گشتییەکان بۆ زمانى کوردى و ئەو هەنگاوانەى پێویستە لە پێناو پاراستنى فەرهەنگى ستانداردى زمانى کوردى بگیرێتەبەر کرا.
لەلایەن خۆیەوە د.فەریاد زۆر سوپاسى پارێزگاری هەولێرى کرد بۆ پێشوازییەکەى و جەختى لەوەکردەوە کە ئەو خەڵات و ڕێزلێنانەی بە ئێمە بەخشراوە بە هەموو کورد بەخشراوە، جێگەی شانازیە کە توانیومانە خزمەتێک بە گەلەکەم ببەخشم.
جێگەى باسە، دکتۆر فەریاد فازڵ عومەر، سەرۆكی ئینستیتووتی خوێندنی كوردى و مامۆستای زانکۆی ئازادە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە دڵسۆزانە زیاتر لە نیو سەدەیە خزمەتێکی بهرچاوى بە زمان و ئەدەب و مێژووی کوردى و گەل و نیشتمانەکەی کردووە و دەیان کتێب و بەرهەم و توێژینەوەی لەبارەی کوردۆلۆژیا بەزمانى ئەڵمانى و کوردى بڵاوکردۆتەوە.