وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر کۆبوونەوە
وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر کۆبوونەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.12.13، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لە بارەى کار و چالاکییەکانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەولێر کرا، وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشیان لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان لە ڕاییکردنی مامەڵە و كاروباری هاووڵاتییان و بڕیارى چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتیەکى خۆیان بۆ ئەنجومەنى شارەوانى هەولێر دووپاتکردەوە.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى شارەوانى و پارێزگارى هەولێر باسیان لە گرنگى ڕۆلى ئەنجومەنى شارەوانى کرد لە پێناو پەرەپێدان و گەشەسەندنى زیاترى شارى هەولێر و گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی زیاترى هاووڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش جەختیان لە بەرەوپێشبردنی ئیش و كاری دامودەزگەكانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كردەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە پێویستە سەرجەم دامودەزگە خزمەتگوزارییەكان بە باشترین شێوە لە خزمەتی هاووڵاتیاندابن.
جێگەى باسە، لە سەر ڕاسپرادەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەولێر لە 2020.10.8، وەک ئەنجومەنى شارەوانى یەکەمین شاری هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە و پێکهاتووە لە بەرپرسانی یەکەمی فەرمانگەکانی شاری هەولێر، رێکخراوە پیشەیی و جەماوەری و سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش نوێنەریان لەو ئەنجوومەنەدا هەیە، ئەو ئەنجوومەنە کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە موڵکی گشتى و کارئاسانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریى و بڕیارى یەکلاییکردنەوەی کێشە و دۆسیەکانی هاووڵاتییان.