سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی عێراق: "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی شوێنی نیشتەجێبوون بووە نەک بنکەی سیخوڕی"

سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی عێراق:

سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی عێراق: "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی شوێنی نیشتەجێبوون بووە نەک بنکەی سیخوڕی"

رۆژی یەکشەممە 2024.1.21، بەسەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی وەزارەتی ناخۆ، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتی عەباس زاملی پێکهاتبوو، لەبارەی لێکۆڵینەوە لەو هێرشەی کەهەفتەی ڕابردوو لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر هەولێری پایتەخت ئەنجامدرا.

دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە مەبەستی سەردانەکەیانی بۆ هەولێر خستەڕوو و ڕایگەیاند: "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێشێلکردنی سەروەری عێراقە. ئەگەر بەڕاست بنکەیەکی سیخوڕی هەر وڵاتێک لەنێو هەرێمی کوردستان هەبووبێت؛ ئێران دەیتوانی لە رێگەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە گفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەربکات، نەک هێرشی مووشکەی بکاتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی سڤیل".

پاشان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئێمە وەکو پەرلەمانی عێراق داوامان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە هەنگاوە کردارییەکان بۆ رێگریکردن لەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان خێراتر بکات و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێن کە خەڵکی هاووڵاتیی سڤیل دەکرێنە ئامانج".

گوتیشی:"شەقامی عێراقی و هەرێمی کوردستانیش چاوەڕێی زیاتر لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەوەی چیدیکە هەڵوێستەکەیان بە سەرکۆنەکردن کۆتایی نەیەت، بەڵکوو هەنگاوی کرداری و نێودەوڵەتی بنێین بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە دووبارە نەبنەوە و کۆتاییان پێ بێت".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە، "ئێمە وەکو پەرلەمانی عێراق پشتیوانی هەموو ئەو هەنگاوانە دەکەین کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر گرتوویەتییەبەر". دووپاتیشیکردەوە، "لەومەودوا خەڵکی عێراق لە ئێمە قبووڵ ناکات هەڵوێستمان لەبارەی ئەو هێرشانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان تەنها سەرکۆنەکردن بێت، بەڵکوو دەبێت هەنگاوی کرداری بگرینەبەر".

لەکۆتایشدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، تەواوی ئەو زانیارییانەی لەبارەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی و هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، "پێویست بوون" خستوویانەتە بەردەستی لیژنەکە.

جەختیشی لەوەکردەوە، ئەو شوێنەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج "شوێنێکی سڤیلە و خانووی سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو و بەڕێزی شاری هەولێرە. ماوەی چەندین ساڵ بوو خێزانەکەی تێیدا دەژیان و، هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەبووە. هەموو ئەو بیانوویانەی باسدەکرێن، بێ بنەمان".