چەند بەڕێوەبەرێکى نوێ لە پۆستە ئیداریەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستبەکاربوون
چەند بەڕێوەبەرێکى نوێ لە پۆستە ئیداریەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستبەکاربوون
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.2.14، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەریەک لە "مەریوان هادى، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانیەکان و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى و حاتەم مەولوود، بەڕێوەبەرى ئەوقافى دەور و زبێر ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئەوقافى شەقڵاوە و میران بەختیار، بەڕێوەبەرى سایلۆ و هۆگر عەلى، بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى و موزەفەر صابر، بەڕێوەبەرى دروستکردنى دانەوێڵەى هەولێر، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى دەستبەکاربوونیان وەک بەڕێوەبەرى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، هیوا خواست توانا و شارەزاییەکانیان ببێتە هۆکارێک بۆ پتر خزمەتکردنى هاوڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتى و هاوکارى و هەماهەنگیەکى پارێزگاى بۆ دووپاتکردنەوە و گوتى: "ئێستا ئێوە بەرپرسیاریەتێکى گەورەتان لەسەر شانە و پێویستە بەوپەڕى دڵسۆزى و خەمخۆرییەوە کارنامە و پرۆژە و پلانەکانتان لە خزمەتى هاوڵاتییان دابێت".
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە، پارێزگارى هەولێر، ستایشى هەوڵ و ماندوبوونى بەڕێوەبەرانى پێشووى فەرمانگەکانى لە چەند ساڵى ڕابردودا کرد و رۆڵ و کارەکانیانى بەرزنرخاند، کە لە هەڵومەرجێکى سەختى دارایدا بەڵام توانییان بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە هەموو تواناو وزەى خۆیان بخەنەگەڕ بۆ سەرکەوتن لە ئەرکەکانیان و خزمەتکردنى هاوڵاتییان.
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر جەختى لەوە کردەوە، ئامانجى کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاراستنی ماف و بەرژەوەندی و خزمەتکردن و ڕێزگرتنە لە هاوڵاتیان، بۆیە خزمەتکردنى هاوڵاتیان لە ئەولەویەتى کارەکانتانە و پێویستە لە سەر هەموو لایەک بە بەرنامە و پلانی تۆکمە، کاربکەن بۆ زێتر خزمەتکردن و پێشکەش کردنى کارئاسانی لە کاروباری ڕۆژانەتان و ڕاییکردنى کاروبار و مامەڵەى هاوڵاتییان.