لەهەولێر.... سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەكۆی"ئینڤێست کوردستان" لە سەر قەڵا بەڕێوەچوو
لەهەولێر....
سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەكۆی"ئینڤێست کوردستان" لە سەر قەڵا بەڕێوەچوو
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.6.21، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و د.محمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و کۆمەڵێک لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی، سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەکۆی "ئینڤێست کوردستان" (Invest Kurdistan) لە سەر قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا تیشک خرایە سەر دەستکەوتەکانی سەکۆی ئینڤێست کوردستان لە سێ ساڵی ڕابردوودا لە بواری ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی و نیشاندانی هەرێم وەک مەیدانێکی ئارام بۆ وەبەرهێنان، لە پاڵ بەرز نرخاندنی هەنگاوەکانی چاکسازی و بەدیجیتاڵکردنی ڕێکارەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕۆتین و خێراکردنی مۆڵەتی پڕۆژەکان، و جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی کەرتی تایبەت دەکەن و هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی، کارگێڕی، و لۆجیستی پێشکەش بەو وەبەرهێنەرانە دەکەن کە دەیانەوێت بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی پایتەخت و بەرزکردنەوەی پێگەی نوێی هەولێر لەسەر نەخشەی گەشتیاری و ئابووری جیهانی.
جێگەی باسە، سەكۆی ئینڤێست كوردستان براند و سەکۆیەکی فەرمی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانییە (FDI) لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، لە حوزەیرانی 2023 دەستپێکراوە. ئامانجی سەرەکی گەشەپێدانی ئابوورییە بەتایبەت لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاریدا.