شاوێس... کردنەوەی پارکێکی نوێ

شاوێس... کردنەوەی پارکێکی نوێ

شاوێس...
کردنەوەی پارکێکی نوێ

ئەمرۆ دووشەممە 2026.6.22، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەریوان حاكم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و زەندی جەبار، سەرۆکی شارەوانیی شاوێس، لە ڕێوڕەسمێکدا پارکێکی نوێ لە سنووری شارەوانی شاوێس بە ڕووی هاوڵاتیاندا کرایەوە.

ئەم پڕۆژەیە لە سەر ڕووبەری 2,650 مەتری چوارگۆشە و بە بڕی( 28 ملیۆن دینار ) لەسەر بودجەی داهاتی 15%ی شارەوانی شاوێس دروستکراوە، کە تێیدا نزیکەی 200 داری لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێرەوە بۆ دابین کراوە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەش لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست، و پەرەپێدانی سێکتەری خزمەتگوزاری لە شارۆچکە و قەزاکانی دەوروبەری هەولێر.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە گەیاندنی پڕۆژەکان بۆ تەواوی ناوچەکان بەبێ جیاوازی، و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزاییش ئەولەویەتی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و دروستکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ خێزانەکان. ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمەکانی ئەندازیاری لە شارەوانی شاوێس سەرپەرشتی وردی پڕۆژەکەیان کردووە، کە بە شێوازێکی مۆدێرن و هاوچەرخ دروستکراوە و چەندین جۆری دار، نەمام و شوێنی دانیشتنی تێدا دابین کراوە بۆ ئەوەی خزمەتێکی بەرچاو بە دانیشتوانی ناوچەکە بگەیەنێت.