پارێزگاری هەولێر: "شوفێران پێشتر ئاگادار كراونەتەوە، پردی سەیداوە نزمترین شوێنی هەولێرە و مەترسیدارە، نابێت ئۆتۆمبێل لەكاتی وادا لەو شوێنە رابگیرێت"
پارێزگاری هەولێر: "شوفێران پێشتر ئاگادار كراونەتەوە، پردی سەیداوە نزمترین شوێنی هەولێرە و مەترسیدارە، نابێت ئۆتۆمبێل لەكاتی وادا لەو شوێنە رابگیرێت"
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.2.15، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پردی سەیداوەی شاری هەولێری بەسەرکردەوە، کە بەهۆی بارانەوە، چەند ئۆتۆمبێلێک لەو شوێنە ژێر ئاو کەوتن، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی لێنەکەوتەوە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر بۆ کەناڵەکان ڕایگەیاند: "بەداخەوە چەند خاوەن ئۆتۆمبێلێک زیانمەندبوونە، بەڵام كەمتەرخەمی خۆیانی تێدابووە، چونكە ئێمە پێشتر ئاگاداری ئەو خەڵكەمان كردووەتەوە، كە پردی سەیداوە بە سروشتی خۆی نزمترین شوێنی هەولێرە و بازاڕێكی "شەعبیە" و رۆژانە هەرچەندی پاك دەكرێتەوە، پاشماوەی كاسبكارەكانی لێ دەمێنێتەوە كە بووەتە هۆكارێكی تر".
دووپاتیشی كردەوە، شوفێرەكان پێشتر ئاگادار كراونەتەوە، ئێرە شوێنێكی مەترسیدارە، نابێت ئۆتۆمبێل لەكاتی وادا لێرە رابگیرێت.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، 20 ملیم باران لە نەینەوا باری كە هەمان ئەو بڕە بوو لە هەولێر باری، لە نەینەوا لافاو شارەكەی گرتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو خزمەتانەی حكومەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی لافاو و رێكارەكانی كەمكردنەوەی ئەگەرەكانی لافاو گرتییە بەر كە لەماوەی ساڵی رابردوودا (42 ملیار دینار) لەلایەن حكوومەتەوە خەرج كراوە بۆ ئەم مەبەستە، لە هەولێر زیانەكانی كەم بوون و ئەوەی روویشی دا لە پردی سەیداوە ئاسایی بوو، چونكە پێشتر هۆشداری درا بوو بە شوفێران كە ئۆتۆمبێلەكانیان لەوێ رانەگرن.
پارێزگای هەولێر راشیگەیاند، چوار شوێن ماوە سەرەرای هەموو ئەو پرۆژانەی ئەنجامدراون، مەترسیی روودانی لافاویان تا ئێستەیش هەیە، بەڵام لە چاو پێشتر كەمترە و ئەم چوار شوێنەش بەردەوامیی مەترسیی لافاویان لە هەولێر لەسەر ماوە، یەكێكیان گەڕەكی سەیداوەیە، دووەمیان گەڕەكی گڵكەند و بەرزەپردی شەهید ئەكرەم مەنتك و بەرزەپردەكەی نزیك فاملی مۆڵ.