پارێزگارى هەولێر، بۆ وەزیرى تەندروستیى عێراق: "دابینکردنى پێداویستى پزیشکى و چارەسەرکردنى نەخۆش و باشتر کردنى ڕەوشى نەخۆشخانەکان، ئەرکى هەموو لایەکەمانە
پارێزگارى هەولێر، بۆ وەزیرى تەندروستیى عێراق:
"دابینکردنى پێداویستى پزیشکى و چارەسەرکردنى نەخۆش و باشتر کردنى ڕەوشى نەخۆشخانەکان، ئەرکى هەموو لایەکەمانە"
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.2.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە د. صالح مهدى الحسناوى، وەزیری تەندروستی عێراق و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی تەندروستی هەرێم و عێراق ئامادەى بوون، وەزیری تەندروستی عێراق تیشکى خستە سەر ئامانجى سەردانەکەیان کە مەبەست لێى هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی زیاترى کەرتی تەندروستیە لە هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانیان، هیواى خواست لە سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان سەرکەوتووبێت و سوپاسى وەزیرى تەندروستی عێراقیشى کرد کە لە هەموو بارودۆخێکى نەخوازراو کە بە سەر شارى هەولێردا هاتبێت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە و هاوکاریی تەندروستیان پێشکەش بە هەولێرى پایتەخت کردووە و ڕایگەیاند: "ئەو هەڵوێستەتان جێگەى پێزانینى پارێزگا و حکومەتى هەرێمى کوردستانە و هیوادارین حکومەتى فیدراڵ و سەرجەم وەزارەتەکانى دیکەى بەغداش هەمان هەڵوێستى بەڕێزتان و وەزارەتى تەندروستى عێراقیان هەبێت".
پارێزگارى هەولێر، جەختیشى لەوەکردەوە کە دابینکردنى پێداویستى پزیشکى و چارەسەرکردنى نەخۆش و باشتر کردنى ڕەوشى کەرتى تەندروستى و نەخۆشخانەکان ئەرکى هەموو لایەکەمانە و ئەو لەویەتى کارەکانە و پەیوەندى بەهیچ کێشە و ململانێیەکى سیاسیەوە نییە، داواشى لە وەزیرى تەندروستى عێراق کرد ڕەچاووى تایبەتمەندى هەولێرى پایتەخت بکرێت لە هاریکاریی و دابینکردنى پێداویستیە پزیشکیەکان و باشتر کردنى ڕەوشى نەخۆشخانەکان، لەبەر ئەوەى جگە لە دانیشتوانى شارى هەولێر ژمارەیەکى زۆرى خەڵک و هاوڵاتییانى دیکەى پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و ئاوارە و پانابەران سەردانى هەولێر و نەخۆشخانەکانى دەکەن بۆ چارەسەر.
لە کۆتاییدا، وەزیرى تەندروستى عێراق، سوپاسى پارێزگارى هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى کە لێیکرا و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکى وەزارەتى تەندروستى عێراقی نیشاندا و ڕایگەیاند: "چارەسەرکردنى نەخۆش لە هەر کوێیەکى عێراق بێت، بە ئەرک و بەرپرسیارییەتى خۆمانى دەزانین".