پارێزگارى هەولێر، بە فەرمى بە قەزابوونى هەریرى ڕاگەیاند
پارێزگارى هەولێر، بە فەرمى بە قەزابوونى هەریرى ڕاگەیاند
لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لە پێناو خزمەتکردنى زیاتر هاوڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستی ئاوەدانى پتر بە سنوورەکە و باشتر ڕاییکردنى کار و بارە ئیداریی و کارگێڕییەکانى لە فەرمانگاکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.3.10، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسى لقى 24ى سەفین و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و کاروان کەریم خان، قائیمقامى قەزایی شەقڵاوە، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانى پارێزگا، دواى تەواوبوونى ڕێکارە ئیدارى و یاساییەکان و لە يادى "33" ساڵەى ئازادکردنى هەریر لە 10ى ئادارى 1991، بە فەرمى بە قەزابوونى هەریرى ڕاگەیاندن و "شێروان جەلال"یش وەک قائیمقامى قەزاکە بەوەکالەت دەست بەکاربوو.
پارێزگارى هەولێر، وێراى پیرۆزبایی لە هاوڵاتییان و دانیشتوانى دەڤەرەکە بەبۆنەى ساڵڕۆژى ئازادكردن و بە قەزابوونى ناحییەکەیان، کە خواست و داواکارى ئەوان بوو، ڕایگەیاند: "بڕیارى بە قەزابوونى هەریر دیارى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بۆ هاوڵاتييانى ناوچەکە و خزمەتکردنیان، بەو ئومێدەى بە هەموو لایەک بتوانین خزمەتى زیاتر و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستی ئاوەدانى پتر پێشکەش بە خەڵکى ئەو ناوچەیە بەگشتى بکەین، کە شایستەى هەموو خزمەتێکن"
لە کۆتایشدا پارێزگارى هەولێر هيواى سەركەوتنى بۆ "شێروان جەلال" وەک قائیمقامى بەوەکالەتى قەزاکە و بەڕێوەبەرى ناحییەى باسرمە خواست و هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى پارێزگاى هەولێرى بۆ دووپاتکردنەوە.
جێگەى باسە، لەسەر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دوابەدوای بڕیاری زیادکردنی قەزاکانی "پیرمام، عەنکاوە، قوشتەپە" لە سنووری پارێزگای هەولێر، ناحییەى هەریریش بە فەرمى بوو بە قەزا.