پارێزگارى هەولێر، بەشداری كۆبوونەوەیەکی فراوانی مەكتەبی رێكخستنی هەولێرى پارتى كرد
پارێزگارى هەولێر، بەشداری كۆبوونەوەیەکی فراوانی مەكتەبی رێكخستنی هەولێرى پارتى كرد
بە سەرپەرشتی، د.پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر پارتى و بە ئامادەبونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و چیا هەرکی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسى لقى2 و ئارى نانەکەلى، بەرپرسى لقى16 و سەنگەر کانەبى بەرپرسى لقى23، کۆبونەوەیەکی فراوان بۆ کارگێڕانی لق و ستافی لیژنەى ناوچەکان و ڕێکخراوەکانی سنوری هەرسێ لق لە هۆڵى مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر پارتى بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی روونكردنەوەیەکی سەبارەت بەبارودۆخی سیاسیی كرد و رایگەیاند، رۆڵـی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی و ھەوڵی بەردەوامی بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە قۆناغی سەخت تێپەڕێنین و زۆر پیلانیش شکست پێبێنین و بەپشتیوانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بەهێزەوە سەرکەوتین، چونکە پارتی خاوەندارێتی کوردستان دەکات و لە سەرئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش خاوەنی پێگەو قورسایی خۆیەتی و هەرگیز ناچێتە ژێرباری هیچ سەپاندن و ستەمێک کە دژی گەلەکەمان دەکرێت، گوتیشى، زۆر جار گرە و لە سەرلاوازکردنی پارتی و گەلی کوردستان دەکرێت، بەڵام هەموجاریش دوژمنان و نەیاران نائومێد دەبن و پارتی بەهێزترو گەلی کوردستان سەرکەوتووتر دەبێت.
لەربارەی بارودۆخی ناوخۆیی پارتیش، گوتی، پارتی بەردەوام لەنوێبونەوەدایە و بەپێی سەردەمەکان ئۆرگانەکانی ئەپدەیت دەکاتەوە و بە خوێنی نوێ و شارەزایی نوێ ڕێکخستنەکانی ئامادە دەکات، پارتی بەکادیر و ئەندامان و ئۆرگانەکانیەوە بەهێزە و کادیری پارتی خاوەنی پرەنسیپی بەرز و بڕوای پتەوە، لەسۆنگەی بڕوابون بەدیموکراسی و شەرعیەتی دەنگی ئەندامانى بەباشترین شێوەو لە پڕۆسەیەکی ئازاد و دیموکراسیدا کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بەڕێوەدەچن کەبەشێکە لە پرۆسەی نوێبونەوەی پارتی بەسودوەرگرتن لە ئەزمون و شارەزایی کادیران.