لەسەر فەرمانى سەرۆکى حکومەت.. بە گوژمەى زیاتر (189 ملیار دینار) دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنى پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری
لەسەر فەرمانى سەرۆکى حکومەت..
بە گوژمەى زیاتر (189 ملیار دینار) دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنى پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری
لە سەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەى (189 ملیار و 670 ملیۆن دینار) دەستدەکرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگای هەولێر.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، یەكێكە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت و پێكهاتووە لە سێ خەزانی گەورەی ئاو، یەكێك لەو خەزانانە لە سنووری بیستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە و لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی (72 هەزار مەتر سێجا) ئاوی خواردنەوەی دەبێت و بەمزووانە دەست بە كارەكانی دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەكی كەمدا پڕۆژەکە تەواو بكرێت.
بە گشتی پڕۆژەكە كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە 60 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری شارى هەولێر، هاوكات چەندین ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پڕۆژەی جۆراوجۆریش كە لەو ناوچەیە گرفتی كەمئاویان هەیە دەكەونە سنووری ئەو پڕۆژەیەوە.
ڕاگەیاندنى پارێزگاى هەولێر
2024.9.9