لە هەولێر.. یادى نووسەر و ئەدیب و ڕۆناکبیرى کورد زیوەر خەتاب بەرزڕاگیرا
لە هەولێر..
یادى نووسەر و ئەدیب و ڕۆناکبیرى کورد زیوەر خەتاب بەرزڕاگیرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.11.24، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سالار عوسمان، بەرپرسی مەکتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی و سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد و ژمارەیەکى تر لە ڕۆشنبیران و نووسەر وشاعیران و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە هەولێرى پایتەخت، دەزگای کلتووری یاد، لەڕێورەسمێکدا یادی نووسەر و ئەدیب و ڕۆناکبیرى کورد زیوەر خەتاب سازکرد.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لەوتارێکدا تیشکى خستەسەر ڕۆڵ و کاریگەرى مێژووى نووسەر لە ناوەندى ئەدەبى و فەهەنگ و ڕۆشنبیرى کوردیدا و ئاماژەى بەوەدا كۆچی دوایی ئەو گەورە نووسەر و رووناكبیرە، زیانێكی گەورە بوو لە بواری رۆشنبیریی كوردی.
جێگەى باسە، زیوەر خەتاب، نووسەر و ئەدیب و ڕووناکبیرێکی دیار و خوێنەرێکی جیدیی دنیای ئەدەب و فەلسەفەبوو و یەک لەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە بوو کە زۆری خوێندووەتەوە و کەمی نووسیوە و لە ژیانی خۆیدا لە هەولێر زۆر کەسی پێگەیاندووە، ساڵی 1928 لە گەڕەکی "تەیراوە"ی شارى هەولێر لەدایک بووە و لە تەمەنی خۆیدا چوار کتێبی بە زمانی عەرەبی لەبارەی ئەدەب و ژیان و گەردوون نووسیوە و زیاتر کەسێکی پەراوێزنشین بووە و بە بێدەنگی خوێندوویەتەوە و زیاتر لە 70 ساڵى ژیانی خۆی بە خوێندنەوەی ئەدەب و بەرهەم و شاکارە بەرزەکانی جیهان تەرخان کردبوو، لە 2019.10.9 لە تەمەنى 91 ساڵیدا کۆچى دوایی کرد.