بە ئامادەبوونی سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بۆ یەکەمجار سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری کارا کرا

بە ئامادەبوونی سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بۆ یەکەمجار سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری کارا کرا

ڕۆژی چوارشەممە 24ی ئابی 2022، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێری کرد و سیستەمی دیجیتاڵی مۆڵەتی شوفێری خستە کار. بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر یاوەری سەردانەکەی جەنابی سەرۆکی حکومەت بوون. لەو سەردانەیدا، وێڕای کردنەوەی سیستمەکە، جەنابی سەرۆکی حکومەت مۆڵەتی شوفێری خۆی نوێکردەوە و مۆڵەتی دیجیتاڵی بەدەستهێنا. دوای مەراسیمەکە وتەیەکی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پێشکەش کرد.
پوختەیەکە لە گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
• ئەم سیستمە جێی دەستخۆشییە و سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ دەکەم.
• ئەم سیستمە دەبێتە بنەمایەک بۆ کۆکردنەوەی داتای هاووڵاتییانی کوردستان.
• دەبێتە بنەمایەک بۆ خزمەتگوزارییەکانی تریش کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت.
• کۆکردنەوەی داتا لە هاووڵاتییان هاوکارییەکی زۆری حکوومەت دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزارییەکانی تر بەخێرایی ئەنجام بدات، هاووڵاتییانیش زیاتر بتوانن سوود لەو جۆرە خزمەتگوزارییانە وەربگرن.
• ئێمە لە شێوازی بەکارهێنانی کاغەز و رۆتینێکی دوورودرێژ هاتین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی وخێرا کارەکان ئەنجام بدەین.
• ئەمە جێی دەستخۆشییە و جێی ئومێدە، قۆناغێكی نوێ و سەردەمییانەیە بۆ ئەوەی لەمەودوا بەماوەیەکی خێراتر کاروباری هاووڵاتییان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێن.
• دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە کاریان تێدا کردووە و پیرۆزباییش لە خەڵکی کوردستان دەکەم.
بۆ بەرچاوڕوونی هاووڵاتیان، ئەمەی خوارەوە جۆر و دابەشکاری نوێی مۆڵەتی شوفێرییە کە پێشتر تەنیا جۆری تایبەت و گشتی هەبوون. دوای گۆڕانکارییەکان، مۆڵەتی شوفێری بەم جۆرەی لە وێنەکە دیارە دابەش دەبێت.