لە هەولێر... وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆڕمی ئی - ریزبەندی ڕاگەیاند
لە هەولێر...
وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆڕمی ئی - ریزبەندی ڕاگەیاند
ئەمڕۆ شەممە 2023.9.30، لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێر، بەئامادەبوونى ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەڕێوەبەرى ناوچەى ئەنجومەنى ڕۆشنبیرى بەریتانیا و ژمارەیەکى تر لەبەرپرسانى پەروەردەیى و مامۆستایان و پسپۆڕان و سەرپەرشتیاران، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلاتفۆرمی ئی - ڕیزبەندی ( رانکینگی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی ) ڕاگەیاند و بڕوانامەى بەخشی بە سەرپەرشتیارانى نوێ و ڕێزلێنان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی کە ئاستى چوارەمیان بەدەستهێناوە لە هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا لە رێگەی گرافیکەوە تەواوی بەشەکانی پلاتفۆڕمی ئی – ریزبەندی پیشان درا، کە تێدا هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان کراوە، تاکو بزانرێت ئاستی قوتابخانەکان چۆنە، لەم پڕۆژەیەشدا ستاندارد بۆ هەموو بوارەکانی پرۆسەی پەروەردە لە ناوەندەکانی خوێندن دانراوە و پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان بەشێوازێکی شەفاف و دادپەروەرانە ئەنجامدراوە.
جێگەى باسە، ئەو پلاتفۆڕمەی کە دانراوە داتای هەموو قوتابخانەکانی تێدایە، هاووڵاتییان دەتوانن بزانن ئەو قوتابخانەی منداڵەکانیان لێی دەخوێنن ئاستی چەندە، پلاتفۆڕمەکە هیچ کۆدێکی لەسەر نییە و دەتوانن بە ئاسانی سەیری بکرێت، لە هەمانکاتدا دایک و باوکی قوتابیان زیاتر تێکەڵی پرۆسەی پەروەردە دەبن و خێزان رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە کۆی پرۆسەی پەروەردە.