بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانى ڕۆژئاوا (ورمێ) کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانى ڕۆژئاوا (ورمێ) کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانى ڕۆژئاوا (ورمێ) کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا
شەوی پێنجشەممە 2025.5.1، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ڕەزا ڕەحمانى، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) و بە ئامادەبوونی شاندی هەردوولا، لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی زیاتری جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست و ئاسانکارى و هاریکارى نێوانیان و دەرکردنى بڕیار و ڕێکارى دروست بۆ چارەسەرکردنى تەواوى ئەو کەم و کوڕى و کێشە و گرفتانەى هەن لە ڕێککەوتنى نێوان هەردوو پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای ئەوەی هەردوولا تەئکیدیان لە بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری لە نێوان هەردوو پارێزگا کردەوە، خۆشحاڵى خۆیان نیشاندا بە جێبەجێکردنى تەواوى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى نێوان هەردوو پارێزگا و ئەوبەرەوپێشچوونانەى هاتۆتە ئاراوە، هەروەها سوپاسى تیمى هەردوولا و هەموو ئەوانەش کرا کە ڕۆڵى باڵایان هەبووە لەواژووکردنی ڕێککەوتنامەکە و پابەندن بوون و جێبەجێکردنى خاڵەکانى، کە بە هۆیەوە توانراوە جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و گەشتیاری لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین پێشوەچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینینێ.

لەوبارەیەشەوە بڕیاردرا لە نزیکترینکاتدا هەردوو پارێزگاری هەولێر و ورمێ، کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بۆ بەرە و پێشبردنی زیاتری ئەو رێککەوتنە، تا ئەوکاتەش هەردولا لەسەر داڕشتنى میکانیزمى پێویست و پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشى هونەرى بۆ چارەسەرکردنی هەر کەم و کوڕی و کێشە و گرفتێک هەبێت ڕێککەوتن.

پاشان پارێزگارى هەولێر، کورتەیەکى لە بارەى سەردانەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و دیدار و کۆبوونەوە و بەشداریکردنی لە پیشانگای ئێران - ئێکسپۆ 2025 کرد و گوتی، لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارێزگاکانى تر جەختمان لەوەکردۆتەوە، خواستى ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەکانمان بگاتە ئاستى پەیوەندییەکان لەگەڵ پارێزگاى ئازربایجانى ڕۆژئاوا، ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکانی، بە تایبەتی لە ئاستی باڵادا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی مێژووی، فەرهەنگی، کلتووری هەیە، ئێمەش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە دبلۆماسی، سیاسییە، لە پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژئاوا دەستمان پێکرد و دەمانەوێت لەگەڵ شارەکانی تری ئێرانیش پەرە بەو پەیوەندییە بدەین.

لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانى ئەمساڵ بۆ هاتنی زیارەتکارانی ئێران لەڕێگەی مەرزی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و مانەوەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێم و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە لە راسپاردەی "سەرۆك بارزانی" هەرچی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە، بەردەوامیشە دەزگاى خێرخوازى بارزانى لەگەڵیان بووە، هەرچى پێشکەش بەو خۆشەویستانە بکەین کە بەخاکی ئێمەوە سەردانی شوێنە ئاینیە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن، بەئەرکى خۆمانى دەزانین، دڵنیاشی کردنەوە کە ئامادەکارییەکانى ئەمساڵ لەساڵانى ڕابردوو باشتر دەبێت، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى ئازربایجانى ڕۆژئاوا، وێڕاى نیشاندانى خۆشحاڵى خۆى گوتى، سوپاسى یەک بەیەکى هەموو ئەوانە دەکەم کە هاوکاربوونە، دەزانم کە ئێوە هەرچى پێویست بووە ئەنجامتان داوە بۆیان.

لە خاڵێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، پرسی کردنەوەی دەروازەی سنووری "سیدەکان، کێلەشینی" خستە ڕوو و تەئکیدی لەوەکردەوە کەوەک حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو ئامادەکارییەکان کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا هاوڕابوون دەستبکرێت بە داڕشتنی میکانزمێک وپێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشى هونەرى بۆ کردنەوەی ئەم خاڵییە سنوورییە، کە جگە لە سوود گەیاندن بە هاوڵاتییانی ناوچەکە، لەڕووی جوڵەی بازرگانیشەوە سوودێکی زۆری بۆ هەرێم و وڵاتی ئێران دەبێت.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، لەلایەن پارێزگاری هەولێر دیاری پارێزگای هەولێر پێشکەش بە پارێزگارى ئازربایجانى ڕۆژئاوا کرا و لەلایەن بەرێزیشیانەوە دیارى پارێزگاى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرا.