لە هەولێر .... ساڵیادى لە سێدارەدانی شەهید خەیروڵڵا عەبدولکەریم و هەڤاڵانی کرایەوە
لە هەولێر ....
ساڵیادى لە سێدارەدانی شەهید خەیروڵڵا عەبدولکەریم و هەڤاڵانی کرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.6.19، بە ئامادەبوونى د. پشتیوان سادق، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى هەولێرى پارتى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د. زانا مەلا خالید، بەرپرسى لقى2 و ژمارەیەکى تر لە هاوڵاتییان، له گۆڕستانی بێش به‌رماغ له گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ی هەولێرى پایتەخت لە ڕێورەسمێکدا یادى 78 ساڵەى لە سێدارەدانی شەهید خەیروڵڵا عەبدولکەریم و هەڤاڵانی کرایەوە و تاجه‌گوڵینه له سه‌ر گڵكۆی شه‌هید خەیروڵڵا دانرا.
جێگەى باسە، ئه‌فسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم، لە ساڵی 1912 لە قه‌ڵاتی هه‌ولێر لە دایکبووه، ساڵی 1937 كۆلێژی سه‌ربازیی له به‌غدا ته‌واو كردووه و یه‌كێك بووە له ئه‌فسه‌ره كورده‌كانی نێو ڕیزی سوپای عێراق و ساڵی 1945 بۆ درێژەدان بە خەبات په‌یوه‌ندیی به شۆڕشی دووه‌می بارزانه‌وه كردووه و ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئازادی بووە و دواتر ڕووی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، لە ساڵی 1946 ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پارتی دیموكراتی كورد بووە له شاری مه‌هاباد و هەمان ساڵ له كۆماری دیموكراتی كوردستان به فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی پله‌ی سەربازیی بۆ نه‌قیب (پێشه‌نگ) به‌رزكراوەته‌وه و وه‌كو فه‌رمانده له سوپای كۆمار له به‌ره‌ی گه‌لی قاسملۆ خزمه‌تی كردووه. ساڵی 1946 له دوای نسكۆی كۆماری كوردستان له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی دا به‌ره‌نگاری سوپای ئەوکاتى ئێران بووه‌ته‌وه، له 10ی نیسانی ساڵی 1947 یه‌كێك بووە له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ى له‌به‌ر سه‌ختی و نه‌خۆشی گرانه‌تا له سه‌ر پردی گادر خۆی ڕاده‌ستی پۆلیسی عێراق دەکاتەوە و ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق و له زیندانی ناوه‌ندیی به‌غدا به‌ند ده‌كرێت، له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 19ی حوزه‌یرانی 1947 له حه‌وشه‌ی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی به‌غدا هاوڕێ لەگەڵ شەهیدان ( مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی، عیزەت عەبدولعەزیز ) له پێش چاوی به‌ندكراوه كورده‌كان له سێداره دەدرێن، ته‌رمه‌كه‌ی شەهید خه‌یروڵڵا عه‌بدولكه‌ریم ڕەوانەى شاری هه‌ولێر دەکرێتەوە و له گۆڕستانی بێش به‌رماغ له گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه به ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر عه‌ونی یوسف ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئەوکاتى پارتی دیموكراتی كورد بەخاک دەسپێردرێت، لە ساڵی 1959 دا و له یه‌كه‌مین سه‌ردانیدا بۆ شاری هه‌ولێر، "مستەفا بارزانی نەمر" تاجه‌گوڵینه‌ی له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هید خەیروڵا دانا و له 20ی حوزه‌یرانی ساڵى 1998 یشدا به ئاماده‌بوونی موحسین دزه‌یی، نوێنه‌ری سه‌رۆك "مەسعود بارزانی" له شاری هه‌ولێر په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری ناوبراو لادرا.