هەولێر ... بە گوژمەی ( 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار ) دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەهید فەرەنسۆ هەریری" کرا

هەولێر ... بە گوژمەی ( 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار ) دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی

هەولێر ...
بە گوژمەی ( 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار ) دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەهید فەرەنسۆ هەریری" کرا

ئەمشەو یەکشەممە، 2025.6.29، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و تاهیر سابیر، سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر، دواى کۆتایی هاتنى دواین یارى یانەى هەولێر لە سەر یاریگای خۆی لە خولى ئەستێرەکانى عێراق، بە گوژمەی ( 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار ) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەهید فەرەنسۆ هەریری" کرا

لەو بارەیەشەوە، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: " لە ساڵیادی شەهیدی سەرکردە "شەهید فەڕانسۆ هەریری" ئەو پیاوە گەورە و خەمخۆرەی یانەکەمان و وەرزش لە کوردستان، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەمان ڕاگەیاند، ئەمڕۆش سوپاس بۆ سەرۆکوەزیران جەنابی مەسرور بارزانی، کە ڕەزامەندبوون لەسەر دەرخستەی نۆژەنکردنەوەی یارگاکە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکرا".

ڕاشیگەیاند، بە هۆی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق نۆژەنکردنەوەکە دواکەوت بۆ ئەوکاتە، ئەمڕۆش لەدوا یاری یانەکەمان کە بەداخەوە ئەنجامەکەی چاوەڕوانەکرابوو، بە گوژمەى ( 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار) لە سەر بوودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی چیمەن و تراکى یاریگەکە لە جۆرى (هاى بێرد) دەکرێت کە زۆربەى یاریگا گەورە و جیهانییەکان بەو چیمەنە فەرشکراون.

هەروەها پیرۆزبایی لە سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و یاریزانان کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی چیمەنی یارگاکە، کە لەساڵی 2012وە یاری لەسەر دەکرێت و نۆژەن نەکراوەتەوە.

گوتیشی، بەدڵنیاییەوە پشتیوانیەکانمان بۆ یانەی هەولێر بەردەوام دەبێت، لە سەرووی هەمووشمانەوە پشتیوانی جەنابی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جێگەى باسە، یاریگای "شەهید فەڕەنسۆ ھەریری" یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لەکۆتای ساڵی 2001 بەناوى شەهید "فەڕەنسۆ ھەریری" کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی شارى هەولێر.