لەهەولێر .. دامەزراوەیەک ( 4 هەزار ) پشکنین و ( 400 ) نەشتەرگەرى چاوو، بەخۆرایی بۆ خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت ئەنجامدادات
لەهەولێر ..
دامەزراوەیەک ( 4 هەزار ) پشکنین و ( 400 ) نەشتەرگەرى چاوو، بەخۆرایی بۆ خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت ئەنجامدادات
ئەمرۆ یەکشەممە 2025.7.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە شاندێکى دامەزراوەى بینینى جیهانى، بە سەرۆکایەتى نەمیر جبوورى کرد.
لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە د.شوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى چاووى فێرکارى هەولێر و ناز جەلال، بەڕیوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا ئامادەى بوو، شاندى میوان تیشکیان خستەسەر کار و بەرنامەکانیان وەک دامەزراوەیەکى خێرخوازى و ئاماژەیان بەوەدا کە بڕیاریانداوە لە هەولێرى پایتەخت بە هەمانگى پارێزگاى هەولێر و لە ڕیگەى بەڕیوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر، لە نەخۆشخانەى چاووى فێرکارى هەولێر، ( 4 هەزار پشکنینى چاوو ) و ( 400 نەشتەرگەرى ئاوى سپی و زێدە گۆشتى چاوو ) بە خواڕایی بۆ خەڵکى کەم دەرامەت و هەژارانى شارى هەولێر لە ڕێگەى پزیشک و پسپۆرانى دامەزراوەکەیان ئەنجدامبدەن.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر، وێراى دەستخۆشى لە دامەزراوەى ناوبرا، ئامادەیی هەموو ئاسانکارییەکى پارێزگاى نیشاندان و دووپاتى کردەوە، ئەوەى لە بەرژەوەندى خەڵکى شارەکەمان و هەژاران و کەمدەرامەتان دابێت، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هەماهەنگین، هەرچى پێویستیش بێت بۆ سەرخستنى کارەکەتان ئامادەىن پێشکەشتان بکەین.